پلاسخارت لەگەڵ بەرهەم ساڵح و هادى عامرى پێکهێنانى حکومەتى عێراق تاوتوێدەکات

01-06-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق و هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح پرسی پێکهێنانى حکومەتی داهاتووی عێراقی تاوتوێکرد، هادى عامرى رایگەیاند، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، پاڵپشتیی دەستپێشخەریى سەربەخۆکان دەکات.
 
رۆژی 1ى حوزەیرانى 2022، جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی کۆمار، پرسی گفتوگۆکان تاوتوێکراوە بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسى لە عێراق.
 
هەر ئەمڕۆ پلاسخارت لەگەڵ هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیی فەتح کۆبووەوە کە یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە و زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى هاوپەیمانیى فەتح لەو کۆبوونەوەیەدا هادى عامرى ئاماژەى بەوەداوە چوارچێوەى هاوئاهەنگى پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکەى پەرلەمانتارانى سەربەخۆ دەکات کە نزیکە لە تێڕوانینى ئەوانەوە.
 
هادى عامرى گوتی: "پێویستە گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێندرێت و گەرەنتى مافى گەورەترین پێکهاتەى کۆمەڵایەتى بکرێت لە عێراق"، کە مەبەست لێى پێکهاتەى شیعەیە.
 
دیدارەکانى ئەمڕۆى پلاسخارت لە پاش ئەوەهات کە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش لە 17ى مانگى ئایارى رابردوو، گوتارێکى پێشکێشکرد و تێیدا داواى لە سەرکردەکانى عێراق کرد چەقبەستویی سیاسى بکشێنن و خواستنى گەلانى عێراق بەدیبهێنن.
 
نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 تێپەڕیوە، بەڵام شێوازی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، کە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان (پارتی، سەدر و سوننەکان) دەڵێن دەبێت زۆرینەی نیشتمانی بێت و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن دەبێت بە سازان بێت، بووەتە بەربەرستی بەردەم پێکهێنانی حکومەت.

کۆبوونەوەی جێنین پلاسخارت و هادی عامری

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە