رووداو دیجیتاڵ
لە 91٪ـی داهاتەکانی عێراق لە نەوتەوە بەدەستهاتوون، مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ زیاتر لە 20 تریلیۆن داهات و کەمتر لە 17 تریلیۆن خەرجیی هەبووە، هەریەک لە وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ زۆرترین خەرجییان هەیە.
وەزارەتی دارایی عێراق خشتەکانی داهات و خەرجییەکانی ئەو دوو مانگەی بڵاوکردەوە. زیاتر لە 20 تریلیۆن و 465 ملیار دینار داهات بەدەستهاتووە و خەرجییەکانیش زیاتر لە 16 تریلیۆن و 562 ملیار دینار بووە، ئەوەی ماوەتەوە سێ تریلیۆن و 902 ملیار دینار بووە. بەوپێیەش داهات لە خەرجی زیاترە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ خشتەکانی وەزارەتی دارایی، دەردەکەوێت خەرجییەکان بەمشێوەیە بوون:
-کۆی گشتیی خەرجییەکان: 16 تریلیۆن و 562 ملیار و 551 ملیۆن دینار
- خەرجیی بەردەوام: 15 تریلیۆن و 293 ملیار و 665 ملیۆن دینار
- خەرجیی وەبەرهێنان: تریلیۆنێک و 268 ملیار و 886 ملیۆن دینار
خەرجییە بەردەوامەکان بەسەر ئەم بەشانە دابەشبووە:
1- مووچەی فەرمانبەران: 8 تریلیۆن و 121 ملیار دینار
2- چاودێریی کۆمەڵایەتی: سێ تریلیۆن و 462 ملیار دینار
3- بەخشین و یارمەتی و سوو و خەرجیی دیکە: تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار
ئەو وەزارەت و فەرمانگانەشی لەو مانگەدا لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین خەرجییان هەبووە، ئەمانەن:
- وەزارەتی دارایی: پێنج تریلیۆن 127 ملیار دینار
- وەزارەتی ناوخۆ: دوو تریلیۆن و 138 ملیار دینار
- ئەنجوومەنی وەزیران: تریلیۆنێک و 239 ملیار دینار
- وەزارەتی پەروەردە: تریلیۆنێک و 689 ملیار دینار
- وەزارەتی بەرگری: تریلیۆنێک و 313 ملیار دینار
- وەزارەتی تەندروستی و ژینگە: 973 ملیار دینار
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: تریلیۆنێک و 75 ملیار دینار
مووچە 69.9٪ـی خەرجییەکان دەبات
لە کۆی ئەو 16 تریلیۆن و 562 ملیار دینارەی عێراق لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات خەرجیکردووە، 11 تریلیۆن 585 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بووە، واتە 69.9٪ـی خەرجییەکان.
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "راستە نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتەکانی عێراقە، بەڵام لە عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن کەس مووچە وەردەگرێت، ئەمە دەبێت پلانی بۆ دابنرێت و ژمارەکە کەمبکرێتەوە، یان لە مووچەخۆری بێ بەرهەمەوە بکرێنە بەرهەمدار، ئەوەش بە دابەشکردنیان بەسەر کەرتی تایبەت و کارگەکان."
ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی زۆرترین پارەیان بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجکردووە:
- وەزارەتی ناوخۆ: 2 تریلیۆن و 129 ملیار دینار
- وەزارەتی بەرگری: تریلیۆنێک و 310 ملیار دینار
- وەزارەتی پەروەردە: تریلیۆنێک و 688 ملیار دینار
- ئەنجوومەنی وەزیران: 988 ملیار دینار
- وەزارەتی تەندروستی و ژینگە: 954 ملیار دینار
لیستی داهات و خەرجییەکانی عێراق لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ خەرجیی وەبەرهێنانیشی بەمشێوەیە دابەشکردووە کە بەشێکیان ئەمانەن:
- پەرەپێدانی هەرێمەکان: 550 ملیار و 130 ملیۆن دینار
- پترۆدۆلار: 74 ملیار و 726 ملیۆن دینار
- کەمکردنەوەی هەژاری: 3 ملیار و 785 ملیۆن دینار
نەوت داهاتهێنەرە 'مەترسیدارەکە'
کۆی گشتی ئەو داهاتانەی عێراق لەو دوو مانگەی ئەمساڵ بەدەستی هێناون کە زیاتر لە 20 تریلیۆن و 465 ملیار دینارە، داهاتەکانی نانەوتی و لەنێویاندا داهاتی دەروازە سنوورییەکان و باج و رسوماتەکان کەمن، داهاتەکان بەمشێوەیەن:
- داهاتی نەوتی: 18 تریلیۆن و 678 ملیار دینار
- داهاتی نانەوتی: تریلیۆنێک و 786 ملیار دینار
- داهاتە نەوتییەکان: 91٪
- داهاتی نانەوتی: 9٪
داهاتی نانەوتی ئەمانە بوون:
- باجی سامان و داهاتەکان: 131 ملیار دینار
- باجی شمەک و رسوماتی بەرهەمهێنان: 313 ملیار دینار
- رسومات: 188 ملیار دینار
- داهاتی دیکە: تریلیۆنێک و 85 ملیار دینار
زرغام مالیکی دەڵێت: "زیادکردنی داهاتەکان لە رێگەی رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان، باج و گومرک، رسومات و دانانی چاودێریی بەهێز و سزای قورس بەسەر ئەوانەوە دەبێت، کە گەندەڵیان تێدا دەکەن."
وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستەکەیدا پێشینەکانی بە بڕی یەک تریلیۆن و 542 ملیار و 692 ملیۆن دینار دیاریکردووە، کە بەشێکی زۆریان لەلایەن بانکەکانی حکومەت بە زیاتر لە 15 رێگە دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ