رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوایین وادە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی سەر پڕۆژەیاسای بودجە دیاری دەکات و پابەندبوونی خۆیشی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کۆتایی ئەمساڵ دووپات دەکاتەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە 01-05-2023 کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی دەوڵەت لە ماڵی خەمیس خەنجەر بەڕێوەچوو، تێیدا دۆسیەکانی حکومەت، پەرلەمان، خزمەتگوزاری، ئابووری، ئەمنی و سیاسی تاوتوێ کران.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەبارەت بە گفتوگۆکانی بودجە رایگەیاندووە، "10-05-2023 دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی مادەکانی بودجە."
پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە قەبارەی پارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و ئێستا لە لیژنەی داراییدایە، هاوکات لیژنەی دارایی سەرقاڵی میوانداریکردنی وەزارەتەکانە لەوبارەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ئامادە بوون و پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.
یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 27-03-2023 لە پەرلەمانی عێراق هەموار کرایەوە و بڕیاردرا رۆژی 06-11-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ