نوێنەرانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دژی هەموارکردنی یاسای رزگاربووانن

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دژی هەموارکردنی یاسای رزگاربووانی ژن و کچانی کوردانی ئێزدی دەوەستنەوە و داوا دەکەن لە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لاببرێت.
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە 02-05-2023 پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هەموارکردنی یاسای رزگاربووان لە دەستی داعش، بەڵام ئێزدییەکان هەموارکردنەکە رەتدەکەنەوە.
 
شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 01-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ مافی هەموو پێکهاتەکانین و پشتیوانییان دەکەین، ئەوانیش دەتوانن پڕۆژەیاسای تایبەت بە خۆیان بهێنن و دەنگی پێدەدەین، بەڵام لە دژی هەموارکردنی یاسای رزگاربووانی ژنان و کچانی کوردانی ئێزدین، چونکە ئەو یاسایە تایبەتمەندیی داوە بە کوردی ئێزدی لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لێیان کراوە."
 
شەریف سلێمان کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئاماژەی بەوە دا، "بە پشتیوانیی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دۆست و لایەنەکانی دیکەی نێو پەرلەمانی عێراق، دژی ئەو هەنگاوە دەوەستینەوە و داوا دەکەین لە بەرنامەی کاری سبەی سێشەممەی پەرلەمان لاببرێت."
 
هەموارکردنی یاساکە، بە نووسراوی فەرمیی موهەند حیسامەدین، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماریی عێراق رۆژی 08-07-2021 رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، دواتر ئاراستەی لیژنەکانی شەهیدان، ژنان و مافی مرۆڤی پەرلەمان کراوە.
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 12-03-2023 نووسراوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنەی مافی مرۆڤ دوای لێکۆڵینەوە لە هەموارکردنەکە، لاریی لەسەر هەموارکردنەوە نییە بۆئەوەی رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت.
 
وەکو لە هەموارکردنەکەدا هاتووە، بەندی یەکەمی مادەی یەکەم لە یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدیی ژمارە 8ی ساڵی 2021 هەڵبوەشێتەوە و ئەم دەقە شوێنی بگرێتەوە:
 
مادەی یەکەم / یەکەم: رزگاربوو، هەر ژن و کچێک کە رووبەڕووی تاوانی سکێسی بووەتەوە لە کاتی رفاندن، لە رووی سێکسییەوە بە کۆیلە کراوە و لە بازاڕی نەخاسە فرۆشراوە، لە کەسوکاری جیاکراوەتەوە، بە زۆرەملێ ئایینی پێ گۆڕدراوە، بە زۆرەملێ هاوسەرگیریی کردووە، دووگیان بووە و منداڵەکەی لەبار بردووە، یان زیانی جەستەیی و دەروونیی پێگەیشتووە لەلایەن رێکخراوی داعش لە رێککەوتی 10-06-2014 و دواتر رزگار کراون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە یاساکەدا رێککەوتی 03-08-2014 هاتووە، بەمەبەش دەستکاریی رێککەوتەکە دەکرێت.
 
هەروەها داواکراوە دەقی بەندی سێیەم لە مادەی 2ی یاساکە هەڵبوەشێتەوە و ئەمە لە شوێنی دابنرێت:
 
مادەی 2- سێیەم: رزگاربووان لە منداڵانی (ئێزدی، تورکمان، مەسیحی و شەبەک) و ئەوانەی لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بووە.
 
لە کاتێکدا لە مادەی 2ی بڕگەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە: رزگاربووانی منداڵانی ئێزدی ئەوانەی لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە.
 
یاسای قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزیدی، کە لە 1ی ئایاری ساڵی 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، چوارچێوەیەکی کارکردنی دانا بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی و جۆر و شێوەکانی دیکەی قەرەبوو بۆ رزگاربووان، لەوانەش: مووچەی مانگانە، پارچە زەوی، دەستگەیشتن بە چارەسەرە دەروونی و تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام یاساکە تاوەکو ئێستا وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە.