سەدر بە 'گرێبەستى خوێن' دەیەوێت رەوتەکەى بژیێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستنووسێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە خوێنى لایەنگرانى رەوتەکەى مۆر دەکرێت، کە بە 'گرێبەستى خوێن' ناسراوە و بە دوایین هەنگاوى سەدر دادەنرێت بۆ خستنەوەگەڕى رەوتەکەى، لەدواى دوو هەفتە لە سڕکردنى.
لە رۆژی 29ى نیسانەوە لایەنگرانى رەوتى سەدر دەستیانکردووە بە پڕکردنەوەى بەڵگەنامەیەکى دەستنووسی موقتەدا سەدر، کە بۆ بەڵێندانە بە پابەندبوون بە رێکارەکانى ئەو رەوتە.
دەبێت بەڵگەنامەکە بە خوێنى ئەو کەسە مۆر بکرێت، کە بەڵێن دەدات پەیوەست بێت پێوەى، بەر لە رادەستکردنى بە نووسینگەکانى رەوتى سەدر لە شارەکانى عێراق.
گرنگترین خاڵەکانى بەڵگەنامەى خوێن ئەوەیە، ئەوانەى پڕىدەکەنەوە پابەندبن بە رێنوێنیی شوێنکەوتووانى رێبەرانى رەوتەکە و دوورکەوتنەوە لە حیزبى بەعس و "کافران" ئەو کەسانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن موقتەدا سەدر ئیمامى مەهدییە، کە دوازدەیەمین ئیمامى ئەو پێکهاتەیەیە، ئەوەش جگە لە بەڵێندان بە دوورکەوتنەوە لە گەندەڵى و هاوڕەگەزخوازى.
ئەو هەنگاوە لەدواى ئەوە هات کە لە 14ى نیسانى 2023 موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بانگەشەى گرووپى "ئەهلى قەزیە" کە گرووپێکى نزیک لە رەوتى سەدرن و بانگەشەى ئەوەیان کرد، هاوکات لەگەڵ خەڵوەتگرتن لە مزگەوتى کوفە بە بڕیارى موقتەدا سەدر، ئیمامى مەهدیی شیعەکان دەردەکەوێت کە 12هەمین ئیمامی شیعەکانە، کە مەبەستیان موقتەدا سەدرە.
دواى ئەو کاردانەوەیە هێزە ئەمنییەکانى عێراق ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتى ئەندامبوون لە گرووپى "ئەهلى قەزیە" دەستگیر کرد.
ساڵح محەممەد عێراقى، کە بە وەزیرى موقتەدا سەدر ناسراوە، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، پرۆسەى پڕکردنەوەى ئەو بەڵگەنامەیە تاوەکو ساڵیادى کوژرانى "مەرجەعەکەیان" بەردەوام دەبێت، کە مەبەستى محەممەد باقر سەدرە و 8ى نیسان ساڵیادى لەسێدارەدانیەتى لەلایەن دەسەڵاتى حیزبى بەعس.
موقتەدا سەدر لە 15ى حوزەیرانى 2022 کشانەوەى لە پرۆسەى سیاسیی عێراق راگەیاند، دواى ئەوە 73 ئەندامى فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.