رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی کورد لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک لەسەر دوو سەرۆکوەزیران، دوو وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان تۆمار دەکات و داوا دەکات حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023ـی عێراق بدات کە 12.6٪ـە.
بڕیارە دادگەی فیدراڵی رۆژی یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن پارێزەر ئازاد دۆسکی، لە دژی پێنەدانی بودجەی کوردستان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
لە سکاڵانامەکەدا سکاڵاکار داوایکردووە، دادگەکە سکاڵالێکراوان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی مادەکانی (13،12،11،1)ـی یاسای ژمارە 13ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025 بکات.
ئازاد دۆسکی، لەبارەی سکاڵایەکەوە دەڵێت، "داوامکردووە عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە بە ناردنی بەشێکی مووچە کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت کێشە دروستبووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بە رێژەی 12.67٪ دیاریکراوە دەبێت ئەوە بنێرێت."
دەشڵێت، "وەزارەتی نەوتی عێراق لەم هەفتەیە راگیێندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت: "راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان گەورەترین زیانی بە عێراق گەیاندووە، ئەمە راستە، چونکە ئێستا دادگەی فیدراڵی بڕیاری تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی داوە، بەوپێیە مووچەکە کە زیاتر لە 900 ملیار دینارە دەبێت لە داهاتی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە و شوێنی دیکە بدرێت."
ئازاد دۆسکی باس لەوەش دەکات، "جگە لەوە، سوودانی ئێستا دەڵێت ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان لە پشکی ئەوان کێشە بۆ پڕۆژەکان دروستدەکات، بۆیە راگرتنی نەوت بەهۆی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو لای ئەوانە و دەبێت حکومەتی عێراق چارەسەری بکات و بڕیاری هەناردەکردنەوەی بدات."
ئەو مادانەی لەلایەن ئەو پارێزەرەوە سکاڵایان لەسەر کراوە بریتین لە مادەی یەک کە داهاتەکان لەخۆدەگرێت، 11 و 12 و 13 پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان و خەرجی و نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
بەڵام دوای ئەوەی یاساکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە یاساکە و جێبەجێکردنی کێشەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دروستکرد، راگرتنی نەوتی کوردستان و داهات و خەرجییەکان لە دیارترین ئەو کێشانە بوون لەپاڵ مووچەی فەرمانبەران کە هەردوولای خستە دۆخی یەکتر تۆمەتبارکردنەوە.
رۆژی 11ی ئاداری 2024 وەزارەتی دارایی عێراق، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئاگادارکردەوە کە خەرجکردنی مووچە بۆ مانگی شووباتی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە، بەڵام "بەو پێیەی میکانیزمی بەجێکردنی مووچە پێویستی بە کاتە، ئەم مانگە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرن، بەڵام مووچەی مانگی ئادار خەرج ناکەن تاوەکو بەجێکردنی مووچە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە تەواو دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ