وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا: لە مووسڵ کۆنسوڵخانە دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند قۆناخی یەکەمی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری مووسڵ لەعێراق تەواوکردووە، سەرەتا کۆنسوڵخانەکە لە بەغدا کارەکانی رایی دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ی ئاداری 2022، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند لە سەردانەکەی کۆتایی مانگی ئابی 2021یدا بۆ عێراق، ئیمانویڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کردنەوەی کونسوڵخانەیەکی گشتی فەرەنسا لە مووسڵ و ناوچەکە نزیکە.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەداوە قۆناخێکی گرنگ کردنەوەی کۆنسوڵخانەکە تەواو بووە، ئەویش دانانی چوارچێوەیەکی یاساییە، کە رێگە بەکردنەوەی ئەو کۆنسوڵخایە دەدات، ئەوەش دوای رەزامەندیی دەسەڵاتدارانی عێراق بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەکە.
 
لەو راگەیێندراوەدا ئەوەش ئاشکراکراوە سەرەتا ستافی کۆنسوڵخانەکە لەبەغدا کارەکانیان دەکەن، دواتر ئەرکێکی تەواو رێکخراو لە مووسڵ جێبەجێدەکەن و بەشێوەیەکی بەردەوام لەساڵی 2023 لەوێ دەبن و لە مووسڵ جێگیر دەبن.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی بایەخی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لەعێراق دەڵێت: "گەڕانەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە مووسڵ قۆناخێکی گرنگە لە هاوبەشیی مێژوویی و ستراتیژی لەگەڵ عێراق و ئەوەش خۆی لە رژدبوونمان لەسەر مووسڵ دەبینێتەوە کە فەرەنسا بەدرێژایی چەندین دەیەیە ئامادەبووە تێیدا، بەتایبەت لەرێگەی کردنەوەی کۆنسوڵخانەیەک کە لەنێوان ساڵانی 1828 تاوەکو 1956 کاری تێداکردووە، جگە لە یارمەتییەکانمان بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رزگارکردنی شارەکە لەدەستی چەکدارانی داعش لەساڵی 2017".
 
سەبارەت بە کاری کونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری مووسڵ، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هاتووە: "هەماهەنگییەکی مەیدانیی راستەوخۆ دەکات لەبواری مرۆیی و کولتووری و پەروەردەیی و بواری سەقامگیری و توێژینەوە، ئەوەش بەسەرپەرشتی باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەبێت، ستافی کۆنسوڵخانەکەی کاردەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای نەینەوا". 
 
فەرەنسا باڵیۆزخانەى لە شاری بەغدا و کۆنسوڵخانەى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان هەیە، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە 254 هاووڵاتى فەرەنسا لەعێراقن و 3900 هاووڵاتى عێراقیش لە فەرەنسا دەژین.