دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق: پەخشکردنی درامای مەعاویە قەدەخەیە

01-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پەخشکردنی درامای مەعاویەمان لەسەر شاشەی MBCـی عێراق قەدەخەکرد، چونکە دەبێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
 
ئەمڕۆ شەممە، یەکی ئایاری 2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی پەخشکردنی درامای مەعاویە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پەخشکردنیمان لەسەر شاشەی MBCـی عێراق قەدەخەکرد، بڕیارەکەشمان پشت بە یاسای ژمارە 65ـی ساڵی 2004 دەبەستێت، کە تێیدا هاتووە، دەبێت هەموو میدیا و راگەیاندنەکان پێوەرە نیشتمانییەکان بپارێزن."
 
جادر عەبدولوەهاب، گوتەبێژی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەخشکردنی درامایەکی مێژوویی لەوجۆرە کە زۆر گفتوگۆ و رەخنە هەڵگرە، دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەریەککەوتنی تائیفی."
 
جادر عەبدولوەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، "نووسراوێکی فەرمیمان لەو بارەیەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی MBCـی عێراق ناردووە، کە تێێدا داوامان کردووە پابەندی بڕیارەکە بێت و زنجیرەکە پەخش نەکات."
 
گوتەبێژی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی لەوەش کردەوە، "رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر هەر لایەنێک دەگرێتەبەر کە پێشێلی ئەو یاسا و رێنماییانە بکات کە لە وڵاتدا کاری پێدەکرێت".
 
درامای مەعاویە، کە لە دەرهێنانی تاریق عوریانی فەلەستینییە، لە مانگی تەممووزی 2022 دەست بە وێنەگرتنی کرا و نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
 
کاری بەرهەمهێنانی دراماکە لەلایەن کۆمپانیای MBCـی سعودییەوە بووە و رەمەزانی ئەم ساڵ لەسەر شاشەکانی کەناڵی MBC پەخش دەکرێت.
 
بڕیاربوو لە مانگی رەمەزانی ساڵی 2023 دراماکە پەخش بکرێت، بەڵام دەرهێنەری دراماکە ئەوکات رایگەیاند، "لەبەر بوونی چەند دیمەنێکی گەورە و کاریگەر لەنێو دراماکە، نەمانتوانی کاری وێنەگرتن تەواو بکەین." هەر ئەوکات کۆمپانیای MBCـیش رایگەیاند، "دوای ئامادەکردنی دراماکە، کاتی پەخشکردنی رادەگەیێندرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە