مالیکی: رازی نابین حەشدی شەعبی تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بکرێت

01-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، رازی نابێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە و تەنانەت تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەش بکرێت؛ مەترسیی خۆیشی لە "جووڵاندنی خەڵکی هەژار" دەربڕی تاوەکو ئەوەی لە سووریا روویدا لە عێراق دووبارە بێتەوە.

نووری مالیکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیا کە شەوی رابردوو پەخشکرا، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی کۆمەڵێک پرسی نێوخۆی عێراق، هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕوو.
 
"چوارچێوەی هاوئاهەنگی جێگرەوەی نییە"
 
سەبارەت بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆربەی لایەنە شیعەکانی کۆکردووەتەوە جگە لە رەوتی سەدر، نووری مالیکی گوتی: "زۆر کەس ئاواتەخوازن چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام هیچ جێگرەوەی نییە". 
 
مالیکی  گوتی: "دەستمان بۆ رەوتی سەدر و کەسانی دیکە درێژ دەبێت، ئاشتبوونەوە لەگەڵ رەوتی سەدر پرسێکی ستراتیژییە بۆ من".
 
بە گوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، "هێزە سوننەکان ناتوانن رێکبکەون و ناوچە ئازادکراوەکان چی دیکە کاردانەوەیان بەرامبەر پێشنیازەکانی ئەوان نییە"؛ گوتیشی: "بەڵگەنامەی رێککەوتنی سیاسی پابەندە بە دەستوورەوە و هەر شتێک دژی بێت، ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت".
 
بە گوتەی مالیکی، "بەعسییەکان وازیان لە بیرۆکەی کودەتا هێناوە، بەڵام پلانی ئەوە دادەنێن بچنە نێو دەزگاکان و سەرچاوەکانی بڕیارەوە".
 
مالیکی باسی لە هەوڵی دەرەکی بۆ بەهێزبوونەوەی حیزبی بەعس لە عێراق کرد و گوتی: "27 هەزار بەعسی رێکخراو لە عێراق هەن".
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی: "ئەوەی پێیوایە بە کۆتاییهاتنی سەرکردەکانی، بەعس کۆتایی هاتووە، ئەوە بە باشی بەعس ناناسێت".
 
مالیکی: رازی نابین حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە
 
سەبارەت بە حەشدی شەعبی، مالیکی گوشاری دەرەکی بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی رەتکردەوە و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قبووڵ ناکەین و ئەستەمە و رازیش نابین لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە تێکەڵ بکرێت؛ ئەگەر تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بکرێت، واتە کۆتاییهاتنی حەشد".
 
مالیک گوتی: "پێویستە حەشد یەکگرتوو بێت و درێژکراوەی کەس و لایەنەکان نەبێت؛ ئەرکی فەرماندەی گشتی ئەوەیە کە هەموو گرووپەکانی حەشد بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی".
 
مالیکی بە پێویستی دەزانێت حەشدی شەعبی لە کەسانی بندیوار و ئەوانەی دەرەوەی دامەزراوەکەن پاک بکرێتەوە و گوتی: "پێویستە حەشد دامەزراوەیەکی سەربازی بێت کە بە دەوڵەتەوە گرێدراو بێت. ئەگەر حەشد نەبوایە، عێراق نەدەبوو و پاش رووخانی یەکە سەربازییەکان بە پیلانگێڕییەکی دەرەکی، ناچار بووین دروستی بکەین".
 
مالیکی رایگەیاند: "من حەشدی شەعبیم پێکهێنا؛ فالح فەییاز و ئەبو مەهدی موهەندیسم دەستنیشان کرد" (بۆ ئەو مەبەستە) و رایگەیاند: "فەییاز پیاوێکی پیشەییە لە بەڕێوەبردنی حەشد و سیاسی نییە".
 
مالیکی: زۆربەی خەڵکی لە عێراق ئۆپۆزیسیۆنن
 
بە گوتەی مالیکی، "هەندێک لە لێپرسینەوەکان لە وەزیرەکان لە پەرلەمان، ئامانج لێیان سیاسییە نەوەک کارگێڕی"؛  باسی ئەوەشی کرد کە "زۆربەی خەڵکی لە عێراقدا ئۆپۆزسیۆنن".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوو، نووری مالیکی گوتی:"هیچ لێکتێگەیشتنێک لەبارەی شێوەی هاوپەیمانییەکانەوە نییە و هەر شتێک کە باسی لێوە دەکرێت بوونی نییە".
 
مالیکی رایگەیاند: "دەوڵەتی یاسا لە فرە بازنەییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی فرەبازنەیی رەتی دەکەنەوە"؛ ئاماژەی بەوەشدا  کە"هەڵبژاردن نزیکە و رێگە نادەین دوا بخرێت".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو بۆ بەغدا، مالیکی گوتی: "ئەگەر کازمی بە شێوازێکی نوێ بگەڕێتەوە بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران، حکومەتەکەی بایکۆت ناکەم"؛ روونیشیکردەوە "دادگا رەتیکردووەتەوە کە هیچ دۆسیەیەک دژی کازمی هەبێت و ئاساییە کە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی".
 
هەر لە قسەکانیدا مالیکی رەتیکردەوە کە سەر بە ئێران بێت و گوتی: "ئێمە سەر بە ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکە نین و سیاسەتی عێراق پەیوەندیکردنە بە هەمووانەوە".
 
مالیکی: نیاز هەیە دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق بۆ نیوە کەم بکرێتەوە
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "هەموو دوو هەفتە جارێک قسەم لەگەڵ بوش و ئۆباما دەکرد؛ سەیرە کە ئێستا عێراق ئەوەندە ئەستەمە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن بکات".
 
مالیکی گوتی: "بیستوومانە نیاز هەیە ناردنی دۆلار بۆ عێراق بۆ نیوە کەم بکرێتەوە"؛ هەروەها "زۆر قسە دەبیستین، بەڵام ئاگادارنەکراوینەتەوە لە نیەتی سەپاندنی سزای ئەمریکی بەسەر عێراقدا".
 
مالیکی پێی وایە کە عێراق "لە هاویندا رووبەڕووی قەیرانی کارەبا دەبێتەوە و وادیارە هیچ چارەسەرێک نییە"؛ روونیشیکردەوە کە "پێویستە سیاسەتی دارایی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و هۆکارەکانی کورتهێنان بزانرێت، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت"، ئاماژەی بەوەشدا کە "رەنگە عێراق لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری لەسەربێت بەهۆی نیازەکانی ترامپەوە، بەڵام کاریگەرییەکە وێرانکەر نابێت".
 
مالیکی ترسیشی دەربڕی کە بە "جووڵاندنی خەڵکی هەژار لە عێراق بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی لە سووریا روویدا".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە