عێراق
وێنەیەکی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردە و سەرۆکی چەند حیزبێک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە بانگهێشتکراون بۆ کۆبوونەوە لەگەل سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە سەردانێک لە عێراقە و دەڵێت، "داوامکرد نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لێکنزیکردنەوەیان."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 1-3-2023، چەند وێنەیەک بڵاوبوونەوە کە تێیدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق و چەند بەرپرسێکی حیزبی دەردەکەون کە لەنێویاندا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەیاد عەلاوی و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلییون دەردەکەن.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق یەکێک بوو لە بەشداربووانی دیدارەکە.
لەبارەی ئەو دیدارەوە، ڤیان سەبری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی بوو و ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بووین، کۆکردنەوەی ئامادەبووان بوو بۆ خوانی ئێوارە، جگە لەوە چەندین بابەت لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسکران، لەوانە ئێمە گوتمان ئێستا کەشێکی لەبار و باش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کاژێر 12:20ـی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی کرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کۆببێتەوە.
چەند کەسێکی دیکەیش لە وێنەکەدا دەرکەوتوون لەوانە؛ موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی فراکسیۆنی عەزمی سووننەکان و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی و ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و چەند بەرپرسێکی دیکە لەوانە جینین پلاسخارت، نوێنەری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.
ڤیان سەبری باسی لەوە کرد، "وێڕای بەخێرهاتن، محەممەد شیاع سوودانی داوای پشتگیریی زیاتری لە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق کرد و ئەویش بەڵێنی پشتیوانیکردنی زیاتری پێداین."
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە؛ نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا روونیکردووەتەوە، لەسەر بانگهێشتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ سەرۆکی یەکێتیی بەشداری کردووە لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکەوە؛ نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "لە دیدارەکەدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆی بونیادنەرانە بە ئاراستەی گەشەسەندنی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی مافەکانی هەموو گەلانی عێراق و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە وڵاتدا."
هەروەها هاتووە، "سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی و رێکخستنی دیدارەکە، هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵی ئەرێنیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەربڕی لەبەرامبەر هەماهەنگی و هاریکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هیواشی خواست درێژە بە هەوڵ و هەنگاوەکانیان بدەن لەپێناو بەرەوپێشچوونی وڵاتدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ