فازڵ میرانی لە کۆڕبەندی هەولێر: عێراق هێشتا قۆناخی پێش 2003ـی تێنەپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، مەلا بەختیار گوتی، نابێت کورد وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە بمێنێتەوە چونکە ئەوە "ترسناکە". رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بە "چارەسەری کێشەکان" دەزانێت. هەروەها فازڵ میرانی گوتی، ئەو عەقڵییەتەی دوای 2003 دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، عەقڵییەتی پێشووی تێنەپەڕاند. لەهەمان پانێڵێدا وەزیری پێشووی بەرگریی بولگاریا گوتی، هەر کاتێك کورد یەکگرتوو نەبووبێ بووەتە قوربانیی هێزە دەرەکییەکان.
لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، پانێڵی "عێراق لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا؛ تەگەرە و بەربەستەکان" بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەکە لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیکۆلا مالدینڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی بولگاریا و عەباس عامری، راوێژکاریی سیاسیی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیان کرد.
مەلا بەختیار لە قسەکانیدا کۆڕبەندەکەی بە "زۆر زۆر گرنگ" پێناسەکرد و گوتی: "عێراق، سێ کێشەی گەورەی هەیە، کە رەنگدانەوەیان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش دەبێت. یەکەم: نەبوونی پێناسەیەکی نوێ بۆ سیستمی جیهان و قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی جیهانی لە دوای جەنگی سارد؛ چەند ساڵێک جارێک قسەی لەسەر دەکرێ، بەڵام هێشتا نەبووەتە رێسایەک بۆ سیاسەتی جیهانی، ئەنجامەکەشی جەنگی ئۆکراینامان بینی چی لە جیهان کردووە، لێکەوتەکانیشی دەزانین، کە جۆرێک لە جەمسەر دروست دەکات، کاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت".
لەبارەی کێشەی دووەمی عێراقەوە، مەلا بەختیار گوتی: "ئەوەی عێراق و هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش پێیەوە دەناڵێنن نەبوونی ئاسایشی ستراتیژیی، جیۆپۆڵیتیکی و کۆمەڵایەتییە، ئەم وڵاتانە بە هێز و بە پارە بەڕێوەدەبرێن، لەکاتێکدا وڵات هەیە هێز و پارەشی نییە و خۆشگوزەرانترین وڵاتە و خۆشی پاراستووە".
مەلا بەختیار کێشەی سێیەمی عێراقی گەڕاندەوە بۆ کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتەکە و گوتی، بە درێژایی مێژوو و دوای دامەزراندنی عێراق لە ساڵی 1921ـەوە لەنێو "گێژاوی کێشەکانی خۆیدا خوولاوەتەوە، بەبێ ئەوەی تاوەکو ئەم چرکەساتەش، دەرەتانی ستراتیژیی چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشانە دۆزرابێتنەوە".
"چارەسەر، رێککەوتنی پارتی و یەکێتییە"
مەلا بەختیار ئاماژەی بە مەترسییەکانی پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد کرد و گوتی: "ترسناکە، ئەوە ترسناکە کورد بە شاندی جیا بچێتە بەغدا، چ هێزەکانی دەسەڵات بن یان ئۆپۆزیسیۆن؛ ئۆپۆزیسیۆنی لە کوردستان بەسەرچاو، بەڵام لە بەغدا ستراتیژێک هەیە ستراتیژی ئەمنی نەتەوەیی و پێویستییەکانی هەرێمی ئێمەیە".
مەلا بەختیار گوتی، ئەو پڕۆژەیەی کورد لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکات نیوەی کێشەکان چارەسەر دەکات و نیوەی خواستەکانی کوردە. گوتیشی: "بۆ نموونە سێ ساڵە دەچینە بەغدا قسەمان لەسەر بودجە، غاز و نەوتە، ئەی مادەی 140؟ ئەی قەرەبووکردنەوەی ئەنفالەکان؟ ئەی قەرەبووکردنەوەی 5 هەزار گوندی خاپوورکراو، ئەی ئەو هەموو غەدرەی بە درێژایی مێژوو لە کورد کراوە؟ کوا؟ بۆ ئەوانە ناکرێنە یەک پاکێج و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت؟".
مەلا بەختیار پێیوایە بۆ ئەوەی ئەمە سەرکەوتووبێت "دەبێت پارتی و یەکێتی بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە"، دەشڵێت: "ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون عێراق ئەو عێراقە نییە، کە پێمانوابێت جەنابی سوودانی دەتوانێت هەموو کێشەکانی چارەسەر بکات، با چاوەڕوانی ئەوە نەکەین. دەستەبەر بۆ ئێمە وەکو کورد بۆ هەر رووداوێک لە ناوچەکەدا رووبدات، رێککەوتنە لەنێوان یەکێتی، پارتی و گۆڕان و بەشێوەیەکی گشتی هەموو لایەنەکان".
لە پانێڵەکەدا فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە دۆخی عێراق کرد، کە بە بڕوای ئەو هێشتا قۆناخی پێش 2003ی تێنەپەڕاندووە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە عێراق و بەربەستەکانی بەردەمی لەنێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکان دەڵێ "عێراق هێشتا قۆناخی پێش 2003ـی تێنەپەڕاندووە و باسی ئەوەش دەکات لە ناوخۆی عێراق "هەموومان بە شیرینی قسە لەگەڵ یەکدیدا دەکەین، بەڵام واش نین بە کوردیشەوە".
میرانی گوتی "لە رووی رووکەشەوە عێراق وڵاتێکی تەواو سەروەر و سەربەخۆیە، بەڵام لە رووی ناوەڕۆکەوە عێراق بۆچی لەم دۆخەدایە، کە ئێستا تێیدایە؟ دەگەڕێمەوە بۆ مێژوو، چەند هۆکارێک هەیە، هۆکاری خودی و هۆکاری بابەتی، لەوانە لە رۆژانی ئۆپۆزیسیۆنبوونمان، ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بەسەر بەرەی هەرێمیی و نێودەوڵەتی دابەشبوون، لە دوای گۆڕینی رژێمیش هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەی ئۆپۆزیسیۆن لە سیستمی هاوپەیمانێتی وەرنەچەرخا بۆ سیستمی دۆستایەتی، وەکو ئەوە مایەوە کە لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبووندا هەبوو".
میرانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، هۆکاری دووەم بڕیاری ئەنجوومەنی هاوپەیمانان بوو لەبارەی گۆڕینی رزگارکردنی عێراق بۆ داگیرکردن، کە پێیوایە "بڕیارێکی وێرانکەر بوو".
فازڵ میرانی گوتی: "ئەمریکا پێیوابوو بەرەو رۆژهەڵاتێکی نوێی ناوەڕاست، لە عێراقەوە دەستپێدەکات، ئەوەش هەموو وڵاتانی ناوچەکەی ترساند، بۆیە هەموویان بایکۆتی عێراقیان کرد و وەزیری دەرەوەی عێراقیان بە وەزیری دەرەوەی ئەنجوومەنی حوکم ناودەهێنا".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "لە ئەنجامی ناڕوونی و تێکەڵی سیاسەتی ئەمریکا لە رزگارکردنەوە بۆ داگیرکردن، ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز لە عێراق دروستبوو و بەرگری هاتە کایەوە. ئەمریکا پێویستی بەوە بوو ئەوە نیشانی خەڵک بدات، کە گۆڕانکاری لە عێراقدا هەیە، لە ئەنجوومەنی حوکمەوە بۆ هەڵبژاردن و داوایان لە مەرجەعە ئایینییەکان و خەڵک کرد و هەندێک هەڵبژاردنی رووکەشیان کرد بۆ گۆڕینی دیمەنی وێنەی داگیرکەر بۆ رزگارکەر، دەرفەت کرایەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ دەسەڵات و دەستوەردانیان لە قوڵایی عێراق زیادبکەن و ئەوان تەماعیان لە عێراق بوو، چ تورکیا بێت یان ئێران، عێراقی گەیاندە ئەوەی عێراقییەک بەرژەوەندیی خەڵکی دیکە لەپێش بەرژەوەندیی وڵاتەکەیەوە ببینێت".