بەهۆی رووخانی ئەسەد گرووپە چەکدارەکانی عێراق پاشەکشە لە داواکاریی چوونە دەرەوەی ئەمریکا دەکەن

01-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی و ئەمریکی دەڵێن، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەست بە مەترسی دەکەن و چیدیکە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناکەن.
 
عێراق و ئەمریکا پار رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆئەوەی ئەیلوولی ئەم ساڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستپێبکات.
 
گرووپە چەکدار و پارتە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، سەرسەختانە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بە دیاریکراوی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە.
 
کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆئەوەی کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بهێندرێت، سەرکردەکانی عێراق دەیانگوت هەڕەشەی داعش لەژێر کۆنترۆڵدایە و بۆ لێدان لە شانە بەجێماوەکانی، چیدیکە پێویستیان بەوە نییە واشنتن یارمەتییان بدات.
 
بەڵام رووخانی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر دەستی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، کە گرووپی ئیسلامیی سوننە مەزهەبن، وایکردووە هەندێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر ئەمریکا بکەن، لەنێویاندا بەشێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە بەشێکی زۆری پارتەکانی لایەنگری ئێران لەخۆدەگرێت.
 
کەوتنی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، دەستی باڵای تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کردووە و وایکردووە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەست بە مەترسی بکەن. هەروەها لە عێراق، زۆر کەس دەترسن لەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە سووریا دروستبووە، لە لایەن داعشەوە بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە، بگەڕێتەوە و مەترسی بۆ سەر عێراق دروست بکاتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا سەرقاڵی رێکخستنەوەو پێکهێنانی سوپایەکی نوێن. 
 
بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکیی گوتووە، "لە ئەنجامی ئەو شتەی بەسەر سووریادا هات، زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت ئەمریکییەکان عێراق جێبێڵن. لەوە دەترسێن ئەگەر ئەمریکا لە عێراق نەمێنێت، داعش کەلێنەکە بقۆزێتەوە و دۆخی عێراق دابڕووخێت."
 
ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی سیاسی و ئەمنیی عێراق، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هەمان قسەیان بە ئاژانسە ئەمریکییەکە گوتووە. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتدا دەزگاکەی گوتوویەتی، "لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە لەم کاتەدا داوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات. ئەو دەنگە دلێرانەی پێشتر باسیان لە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەکرد، زۆر کزبوون. پێشبینی دەکەم ئەم ساڵ ئەمریکییەکان نەکشێنەوە."
 
بەرپرسێکی دیکەی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لەو کاتەوەی ئەسەد رووخاوە، بەرپرسانی حکومەتی عێراق "لە باڵاترین ئاستدا بە فەرمی" داوایان کردووە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوابخرێت.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، عێراقییەکان دەترسن و بیردەکەنەوە، ئێستا کە سوپای پێشووی سووریا چەکێکی زۆری لە دوای خۆی بە پەرش و بڵاوی جێهێشتووە، دەکرێت داعش بەکاریبێنێت و بگەڕێتەوە سەر پێگە بەهێزەکەی جارانی و دەستبکاتەوە بە هێرشکردن لە عێراق.
 
بەرپرسەکە گوتوویەتی، "سەرهەڵدانەوەی داعش مسۆگەر نییە، بەڵام ئەگەرێکی لەبارە."
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە ئاشکرا باسی لە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەکردووە. دوێنێ هەینی، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، "خشتە کاتییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە" و کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.
 
بۆئەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق درێژبکرێتەوە، دەبێت بەغدا بە نووسراوی فەرمی داوایان لێ بکات، بەڵام دیار نییە تاوەکو چەند حکومەت ئامادەیە ئەو داواکارییە بکات.
 
حەشدی شەعبی کە لە بەشی زۆری گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران پێکهاتووە، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر عێراق، دژی گرووپە پەڕگیرەکە شەڕی کرد. 
 
ریناد مەنسوور، لێکۆڵینڤانی باڵای پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی شاهانەی بەریتانیا (چاتم هاوس) دەڵێت، وێڕای ئەوەی ئەو کات "هاوئاهەنگییەکی چالاک" لەنێوان حەشدی شەعبی و ئەمریکادا نەبوو، "هەردووکیان لە هەمان جەنگدا شەڕیان دژی یەک دووژمن دەکرد."
 
لە ماوەی جەنگی غەززەدا، بەشێک لە گرووپەکان هێرشی درۆنییان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. لەو کاتەوەی ئەسەد رووخاوە، هیچ هێرشێکیان نەکردووە. 
 
ریناد مەنسوور دەڵێت، ئەو ترس و نیگەرانییەی لە دوای رووخانی ئەسەد لە عێراق دروستبووە، لە مێژووی وڵاتەکەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆر لە سەرکردەکانی ئێستای عێراق ئەو ساڵە پڕ پشێویانەیان لەبیرە کە لە دوای رووخانی سەدام حوسێن بەسەر عێراقدا هاتن. 
 
لێکۆڵینڤانە بەریتانییەکە دەڵێت: "پاڵنەری پشت بابەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەوە بوو کە شەڕی دژی داعش کۆتایی هاتووە و ناوچەکە سەقامگیرە، دوای گۆڕینی رژێم لە سووریا، ئەم لێکدانەوەیەش گۆڕا. هەڕەشەی داعش لە سووریایەکی ناسەقامگیر و شلۆقدا لە چەند ساڵی داهاتوودا بە لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەتی عێراقەوە، زۆر جیدیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

دادگە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت، تاوەکو کەیسەکەی لە دادگا یەکلادەبێتەوە.