رووداو دیجیتاڵ
سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی کاردایە. هەموارەکە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەرنامەی کاری سبەی پەرلەمانی عێراق لە چوار بڕگە پێکهاتووە. دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدایە کە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 01-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی رابردووی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، هەموولایەک هاوڕابوون لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی هەمواری یاسای بودجە.
بەڵام بەگوتەی سۆران عومەر،کە ئەندامی لیژنەی ئابوورییە لە پەرلەمان، "تاوەکو ئێستا دیار نییە سبەی دەنگ بە پڕۆژەکە دەدرێت یان نا".
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى دواخرا.
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات؛ دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی رابردوو، 29ى کانوونى دووەم لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی ژمارە 45 لە 5ی تشرینی دووەمی رابردوو پەسندکرا.
سێ بڕگەکەى دیکەى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان تایبەتن بە دەنگدان بە پێشنیازەیاساى هەموارى هاوتاکردنى بڕوانامە عەرەبی و بیانییەکان، لەگەڵ پەسندکردنى راسپاردەیەک بۆ وەزارەتى دارایی بۆ کارکردن بە سيستمى پەڕینەوە (عبور) لە خوێندندا.
هەروەها بڕگەى چوارەمى کۆبوونەوەکە تایبەتە بە خوێندنەوەى دووەمى پێشنیازەیاساى خوێندنى باڵاى ناحکومی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ