رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، سبەی دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. سبەی نەینەوا و دیالە و چواری شوباتیش کەرکووکە.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی شەممە، 01-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی یەکشەممە 02ـی شوبات، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە.
بەگوتەی نەبیل سەفار، ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات.
ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی دا.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکە دەگاتە 60 ملیۆن دینار".
نەبیل سەفار میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت، پێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە زیاتر خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەن و زیادکردنی تێدا دەکەن؛ هەروەها پێشینە بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندارەکان و ئەو کەسانە دەبێت تەمەنیان سەروو 51 ساڵە و چوار منداڵیان یان زیاتریان هەیە.
قەرزەکە بە سێ بەش دەدرێت و بە 15 ساڵ دەدرێتەوە. پێشکێشکردنی داواکارییەکە بە ئەلیکترۆنی دەبێت و خشتەکەی بە گوێرەی پارێزگاکان دابەشکراوە.
- دووی مانگ: بەغدا، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین
- سێی مانگ: زیقار، موسەننا، واست و ئەنبار.
- چواری مانگ: کەرکووک، بابل و نەجەف.
- پێنجی مانگ: کەربەلا، بەسرە و میسان.
نەبیل سەفار دەڵێت، هەر پارێزگایەک دەتوانێت لەماوەی 24 کاژێردا داواکاریی وەرگرتنی قەرز پێشکێش بە وەزارەتەکەیان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ