لە نەجەف 300 ملیۆن دینار لەو کەسانە وەردەگیرێتەوە کە دوو مووچە یان زیاتریان وەرگرتووە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، بڕی 300 ملیۆن دینار لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە کە دوو مووچە یان زیاتریان وەرگرتووە و بەڕێوەبەری پەروەردەی نەجەفیش دەڵێت، "ژمارەیەک کەس هەن کە هێشتاش دوو مووچە وەردەگرن."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، وەزارەتی پەروەردە لەبارەی گێڕانەوەی ئەو پارەیەوە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەجەف بە هاوئاهەنگی فەرمانگەکانی دیکەی پارێزگاکە، بڕی 300 ملیۆن دیناری بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندەوە.
 
ویسام رزواق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەجەف لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای دامەزراندنی هۆبەی یەکتربڕینی وەزیفی، هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە دوو مووچە وەردەگرن چڕبوونەوە، چونکە کاری سەرەکیی ئەو هۆبەیە ئەوەیە ئەو کەسانە بدۆزێتەوە."
 
سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو کەسانە و گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە، ویسام رزواق گوتی، "ئەو بڕە پارەیە لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە کە فەرمانبەری نوێی وەزارەتی پەروەردەن، بەڵام پارەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، قەرزی تایبەت بە بێکاران و پارەی دیکەشیان لە دەوڵەت وەرگرتووە". 
 
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە لە ژمارەی 4726ـی رۆژی 26-06-2023ـی رۆژنامەی فەرمیی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عێراق چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە.
 
بەڵام د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی مووچەخۆران لە عێراق بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست، خانەنشین و چاودێریی کۆمەڵایەتی، شەهیدان، زیندانی سیاسی، شوێن بزربوو گەیشتووەتە 10 ملیۆن کەس.