ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و سوودانی هەڵوێستەکانی بەرزنرخاند کە ''داوای راگرتنی شەڕەی غەززە دەکات''.
رۆژی چوارشەممە 31-01-2024 نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ژمارەیەک بابەتیان کردووە لەنێویاندا پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە "هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە کردووە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی غەززە کە لێکەوتەی مرۆیی و ئەمنیی مەترسیداری لێکەوتووەتەوە و پێویستی بە پەلەکردنە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانەکەی."
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، بەشێک لە چەکدارەکانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئیسرائیلیش هێرشی کردە سەر غەززە و لەوکاتەوە شەڕەکە نزیکەی 100 هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، هەڵوێستی گۆتێرێزی بەرزنرخاندووە کە ''داوای راگرتنی شەڕەی غەززە دەکات''، بەپێی راگەیێندراوەکەش "ئەمەش هەمان هەڵوێستی عێراقە کە جەخت دەکاتەوە لە رێگەگرتن لە گرژیی زیاتر و دوورخستنەوەی ناوچەکە لەوەی رووداوەکان بەرەو هەڵدێری ترسناک بچن."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە؛ بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.