دایکی ئەو کچەی لە بەغدا بە نەشتەرگەریی جوانکاری گیانی لەدەستدا: پزیشکەکە هەڵاتووە

01-02-2022
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ئیمان جەواد، ئەو کچە 25 ساڵەی بە نەشتەرگەریی جوانکاری گیانی لەدەستدا
ئیمان جەواد، ئەو کچە 25 ساڵەی بە نەشتەرگەریی جوانکاری گیانی لەدەستدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیمان جەواد کە نۆ مانگە ھاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی کورد کردووە و دانیشتووی ھەولێرن، لە بەغدا نەشتەرگەریی لابردنی چەوری ئەنجامدا و بەھۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوتەی دایکی ئیمان، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامداوە پاش گیان لەدەستدانی کچەکەی دیار نەماوە، سکاڵایان تۆمارکردووە و ھۆکاری گیان لەدەستدانی دەخەنە ئەستۆی پزیشکەکە.
 
ساجدە جاسم، دایکی ئیمان دەڵێت، "رۆشتم بۆ نەخۆشخانە بینیم گیانی لەدەستداوە دوایینجار کە بینیم لە پزیشکی داد بوو بە مردوویی، ئەوە کچی گەورەم بوو، یەکەم مناڵم بوو کە چاوم پێی کەوت و لێم رۆشت بەخوا ئەو تەنیا کچم نەبوو ھاوڕێم بوو". 
 
بە گوتەی کەسوکارەکەی، ئیمان شەش کاژێر لە ھۆڵی نەشتەرگەریدا ماوەتەوە پاش تێکچوونی دۆخی تەندروستی، بەپەلە رەوانەی شاری پزیشکی بەغدا کراوە، لەوێش ھیچیان پێ نەکراوە و گیانی لەدەستداوە. 
 
حەیدەر کازم، مامی ئیمان دەڵێت، "لە مێژوودا شتی وا رووینەداوە، شەش کاژێر لە نەشتەرگەریی لابردنی چەروی بیت، شتی وانابێت، ئێستاش پزیشکەکە دیار نەماوە دەڵێن رایکردووە بۆ ھەولێر ئێمە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین دەستگیری بکات، چونکە دەڵێن لە عەنکاوەش عیادەی ھەیە ئێمە داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکەین لەگەڵمان بوەستنەوە ئەوەی کە بە کچەکەی ئێمە کرا سبەی بە کچی ئەوانیش دەکرێت داوا دەکەین لەگەڵمان بوەستنەوە". 
 
ئیمان کێشی 65 کیلۆ بووە نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەھلی بە بڕی 5 ھەزار دۆلار بۆ ئەنجامدراوە، کە تەنیا بۆ لابردنی لە بەشی سکی چەوری بووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە