رووداو - بەغدا
منداڵێکی 11 ساڵان لە بەغدا پارچە شووشەیەک بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە پەڕیوەتە چاوی و بینایی چاوێکی لەدەستداوە، باوکی دەڵێت، "بەڕاستی بەئازارە."
حوسێن فەلاح، منداڵە 11 ساڵانە بریندارەکە دەڵێت، "چوومە دووکان شتم کڕی و گەڕامەوە، کەسێکم بینی یاریی ئاگرینی پێبوو، خستیە ناو شووشەیەکەوە، لێی تێپەڕیم و تەقاندی، ئیدی هیچم نەبینی و خوێنم بینی لە دەستم. دەستم کرد بە گریان."
فەلاح شڕی، باوکی حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "بەڕاستی بەئازارە، من کە ئێستا قسە دەکەم دڵم ئاوا لێدەدات! خودا شاهێدە ئازارمان چەشت! ئەوەتا کوڕەکەم چاوێکی لەدەستدا، هۆکارەکەی چییە؟! چ سوودێکمان بینی؟! هیچ. یەعنی کابرا بێت و پێم بڵێت بمبوورە؟ من چ سوودێکی لێدەبینم؟!"
بەهۆی زۆریی ژمارەی برینداران، نەخۆشخانەی ئیبن هەیسەم، کە تایبەتە بە چاو، ناچار بوو پزیشکانی ئێشکگری زیاد بکات، تەنها لە شەوی سەری ساڵدا 50 کەس بەهۆی تەقەی خۆشی و یاریی ئاگرینەوە رەوانەی ئەو نەخۆشخانەی بەغدا کراون.
عەتا کیان، پزیشکی پسپۆڕی چاو لە نەخۆشخانەی ئیبن هەیسەم گوتی، "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نەخۆشێکی زۆر لە منداڵان و گەنجان روویان تێکردین، کە بریندار ببوون و زیان بە چاویان کەوتبوو، هۆکارەکەی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بوو لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تەنیا لە ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵدا 149 کەس بەهۆی یاریی ئاگرین و تەقەی خۆشییەوە بریندار بوون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
بەشێک لەو کەسانەی بۆ بینینی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ چووبوونە دەرەوە بۆئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن، یارییە ئاگرینەکان و تەقەی خۆشی بووە هۆکاری ئەوەی بەشێک لە بینایی چاویان لەدەست بدەن، یاخود چاویان بکەوێتە حاڵەتێکی ترسناک، حوسێن یەکێک لەو نموونانەیە بە تەواوەتی بینایی چاوێکی لەدەستداوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا یارییە ئاگرینەکان و تەقەی خۆشی قەدەخە کراوە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە وەزارەتی ناوخۆ هیچ کەسێکی لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ