موقتەدا سەدر داوای 'نوێژی یەکگرتوویی' دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی فاتیمەی زەهرا کچی پەیامبەری ئیسلام، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای کرد هەینیی ئەم هەفتەیە نوێژی یەکگرتوویی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوایکرد رۆژی هەینیی داهاتوو، کە دەکاتە 5ـی کانوونی دوومی 2024 بەبۆنەی لەدایکبوونی فاتیمەی زەهرا، کچی پەیامبەری ئیسلام موحەممەد "د.خ" و هاوژینی عەلی کوڕی ئەبو تالیب، چوارەم جێنشینی ئیسلام لە هەموو پارێزگاکانی عێراق نوێژی هەینیی یەکگرتوویی بکرێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لێژنەی سەرپەرشتیاری نوێژی یەکگرتوویی بڵاویکردووەتەوە، ئەوە هاتووە: "بەبۆنەی لەدایکبوونی پیرۆزی خاتوونی پاکیزە فاتیمەی زەهرا، سڵاوی خودای لەسەر بێت و ساڵیادی کردنی نوێژی هەینی لە عێراق لەسەر داوای وەلیی موسڵمانان شەهید موحەممەد سەدر و لەسەر داوای سەماحەتی رێبەر موقتەدا سەدر بڕیاردرا نوێژی یەکگرتووی هەینی لەهەر پارێزگایەکدا بکرێت.
 
فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان 20ـی جەمادی ئاخیری ساڵی پێنجی کۆچی لەدایکبووە.
 
مەبەست لە نوێژی یەکگرتوویی ئەو نوێژەیە کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت سونە و شیعە تێیدا بەشدار دەبن و بۆنەیەک کۆیاندەکاتەوە.