رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو زەمینەسازیی تەواو نەکرێت، ئاوارەکان ناگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان. دەشڵێت، "پرۆسەکەش بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان."
رۆژی یەکشەممە 1-1-2023، عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرنامەی حکومەتی عێراق، گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی دۆسیەی کەمپەکانە. داخستنیان بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەڕێوەبردنی کەمپەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و کاتی داخستنی کەمپەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێویستی بە زەمینەسازییە. دەکەوێتە سەر رادەی دابینکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەی هۆزایەتی و سەقامگیری ئەو ناوچانەی کە ئاوارەکان بۆی دەگەڕێنەوە. ناکرێت هیچ ئاوارەیەک بگەڕێنرێتەوە، لەکاتێکدا دۆخی ناوچەکەی گونجاو نەبێت. لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکانین، بەڵام پێویستە سەرەتا زەمینەسازییەکە فەراهەم بکرێت."
عەلی عەباس جیهانگیر گوتیشی: "لە مانگەکانی داهاتوودا چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین، ئەگەر ئەنجامەکان باشبوون و زەمینەسازیی گونجاو بوو، ئەوا گەڕانەوە دەبێت. حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لارییان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان نییە." ئاشکراشیکرد، رێککەوتنی بەرایی هەیە لە رۆژانی داهاتوودا دوو کەمپ لە سلێمانی تێکەڵ بکرێن. لە هەولێریش زیاتر لە کەمپێک تێکەڵ بکرێنەوە.
لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق: دەبێت لە نزیکەی ساڵێکدا کەمپی ئاوارەکان دابخرێن
شەریف سلێمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت لە ماوەی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێکی دیکە، کەمپی ئاوارەکان دابخرێن.
سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بانگهێشتی لیژنەکەیان دەکرێت، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی کەمپەکان و هەوڵەکان بۆ داخستنی کەمپەکان.
بەپێی ئاماری ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان (926,018) ئاوارە و پەنابەر هەن. لەو ژمارەیە (664,237) ئاوارەی شارەکانی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: دەمانەوێت کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەکان بهێنین
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 29-12-2022 لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەبوو، گوتی: "لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومی، کە پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر داوە و هەموو هێزە سیاسییەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێککەوتوون، ئاوارەکان لە ماوەی 6 مانگدا دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، لەنێویاندا ئاوارەکانی جرف سەخر."
لە عێراق و هەرێمی کوردستان 27 کەمپی ئاوارەکان و ناوەندێکی دووبارە ئامادەکردنەوەی ئاوارەکان هەیە، کە 26یان لە هەرێمی کوردستانن (لە دهۆک 16 کەمپ، لە هەولێر 6 کەمپ و لە سلێمانی 4 کەمپ) دووەکەی دیکەش لە پارێزگای نەینەوان.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "حکومەت دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەکان بهێنێت. زۆربەی کەمپەکانی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن، هاوئاهەنگییەکی بەرز لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەمەبەستی تێکەڵکردن و داخستنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ