بەرپرسێکی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنت، حەشدی شەعبی هێرشی نەکردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا و خۆپیشاندانەکانیشیان بەردەوامدەبێت.
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن و یەکێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق سەروەریی هەیە. ئەمریکاش سەروەریی عێراقی پێشلکردووە و لە دووریی چەندین کیشوەرەوە هاتووە سەروەریی عێراق پێشلدەکات و هێرشدەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی عێراق. سیاسەتی هەڵە و کرچوکاڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رەتدەکەینەوە".
ئەو بەرپرسە کریستیانەی نێو حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردەوە، خۆپیشاندانی ئاشتییانەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا کارێکی ئاساییە و بەردەوامیش دەبێت و ناوەستێت. هاوکات رەتیکردەوە حەشدی شەعبی هێرشی کردبێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەڵێت، بە مووشەک، چەک و بۆمب هێرشنەکراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا. ئەوەی کراوە کاردانەوە بووە بۆ نەمانی باڵیۆزخانەکە و بوونی ئەمریکا لە عێراق.
رەیان کلدانی دووپاتیکردەوە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامدەبێت تاوەکو حکومەت و پەرلەمان لە پەسەندکردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا رۆڵیان دەبێت کە ئەمەش کەمترین وەڵامە لەسەر ئەو بۆردوومانانەی کراونەتەسەر سیستەمی بەرگریی عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە بە کەسانی تێکدەر و لایەنی سێیەم نادەن دۆخەکە تێکبدات و ئاڵۆزی بکات، رێگەش نادەن ئێران یاخود ئەمریکا دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەربدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ