ئاماری بریندارانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەرزدەبێتەوە

 
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ژمارەی بریندارانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ 32 بریندار بەرزبووەتەوە کە ئەمە دوایین ئامار نییە. 
 
پێشتر پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، پاسەوانەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەوڵدەدەن بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی حەشدی شەعبی بکەن. حەشدی شەعبیش دەڵێت، پاسەوانانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا 10 خۆپیشاندەریان بریندارکردووە.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندەرانی حەشدی شەعبی زیانێکی زۆریان بە پرسگە و خاڵەکانی چاودێریی باڵیۆزخانەی ئەمریکا گەیاندووە.
 
یەکێک لە پرسگەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا سووتێندراوە و خۆپیشاندەران داوای داخستنی باڵیۆزخانەکە دەکەن؛ حیزبوڵڵای عێراقیش رایگەیاندووە کە لە پلانیاندا نییە بچنە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە.