وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بڕیارە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەفتەی داهاتوو سەردانی تاران بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆببێتەوە".
 
بەقائی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە".
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی ئەم مانگەدا ئەمە یەکەم جارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات.
 
عێراق و ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی، ئابووری و بازرگانییان لەنێواندا هەیە و ساڵانە بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات چەندین جار لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە.