رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، مەرجەعێک (ناوەندێکی بڕیار) راگەیاندنی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی دواخستووە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لە وەڵامی رەخنەی پەرلەمانتارێکی تاران بۆ رانەگەیاندنی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی بە حکومەتی رایگەیاند، رۆژی 13-12-2024، دیاریکرابوو بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی یاساکە بە حکومەت رابگەیێنێت، بەڵام ئەو مەرجەعەی پێشتر ئەو رێکەوتەی دیاریکردبوو، بڕیاریداوە راگەیاندنی یاساکە دوا بخرێت و ئەویش پابەندی بڕیارەکە بووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە نەدا ئەو مەرجەع یان ناوەندی بڕیارە کێیە، بەڵام رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یان ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە، راگەیاندنی جێبەجێکردنی یاساکان بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رابگرن.
مەسعود پزیشکیان و بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی دژی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشین و دەڵێن، بەهۆی ئەو سزا و گوشارەی دەیخاتە سەر ژنان، کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە. لە یاساکە سزای پێبژاردن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و زیندان بۆ ئەو ژنانە داندراوە پابەندی باڵاپۆشیی تەواو نابن.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، لە 19-10-2024، یاسای باڵاپۆشی پەسندکردووە و لەو کاتەوە سەرۆکی پەرلەمان دەیتوانی حکومەت ئاگادار بکاتەوە یاساکە بخاتە واری جێبەجێکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ