جەواد زەریف: زانیاریی هەواڵگریمان پێگەیشتووە کە ئەمریکا بەنیازی شەڕە

31-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەمریکا ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان پێگەیشتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنیازی شەڕە و دەیەوێت دۆخێک بۆ ئەو مەبەستە دروستکات.

جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "لەجیاتی شەڕی کۆڤید لە ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و هاوپۆلەکانی ملیاران دۆلار بەفیڕۆدەدەن بۆ فڕاندنی B-52ەکان و هێزی چەکدار دەنێرێتە هەرێمەکەمان".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان لە عێراقەوە، پیلانێک لەئارادایە و ئەمریکا دەیەوێت دۆخێکی ساختە دروستبکات بەمەبەستی هەڵگیرساندنی جەنگ.

زەریف دەشڵێت، ئەوان جەنگ ناخوازێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئاشکرا و راستەوخۆ بەرگری لە گەلەکەی، ئەمنییەت و بەرژەوەندییە گرنگەکانی دەکات.

تۆم نیکۆلس، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، جوڵاندنی فڕۆکەی جەنگیی B-52 میتۆدێکی باوی ئەمریکییە بۆ "دووژمنێک" کە ئەو وڵاتە لەگەڵیدا لە کێشەدایە.

بەرپرسانی ئێران لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بەردەوامن لە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە، ترەمپیش چەند رۆژێک بەر لە ئێستا هەڕەشەی تووندی کرد و گوتی "ئامۆژگارییەکی دۆستانەی" بۆ ئێران هەیە و "هەر ئەمریکییەک لە عێراق بکوژرێت، ئێمە تۆڵە لە ئێران دەکەینەوە".

هۆشدارییەکەی ترەمپ بۆ ئێران لەکاتێکدا بوو، رۆژی چوارشەممە 23-12-2020 بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و لەسەر هەندێک بژارە بۆ رێگەگرتن و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق رێککەوتن.

دوو بەرپرسی ئاگادار لە دۆخەکە بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، واشنتن چاو بەو بژارەیە دەخشێنێتەوە کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات، ئەمە یەکێکە لەو چەند بژارەیەی کە بەرپرسانی ئەمریکی خستوویانەتە بەردەم ترەمپ بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و گرووپە شیعییەکانی سەر بە وڵاتەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە