ئێران مێرمنداڵێکی دیکەی لە سێدارە دا

رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێران سزای لەسێدارەدانی مێرمنداڵێکی بەناوی محەممەد حەسەن رەزای جێبەجێ کردووە، ئەوەش دەبێتە سێیەمین مێرمنداڵ کە لەساڵی 2020 لە ئێران لە سێدارەدراون.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، محەممەد حەسەن رەزایی، لە تەمەنی 16 ساڵیدا سزای لە سێدارەدانی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بەسەردا سەپێندراوە، دوای 12 ساڵ مانەوەی لە زینداندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 31-12-2020 لە زیندانی لاکان لە پارێزگای رەشت لە باکووری ئێران لە سێدارە دراوە.
 
محەممەد رەزایی، بەهۆی بەشداریکردنی لە شەڕێکی بەکۆمەڵدا دەستگیرکراوە، تۆمەتی ئەوە دراوەتە پاڵ، کە لە شەڕەکەدا بە بەرد لە سەری کەسێکی داوە و بەو هۆیەوە کەسەکە مردووە. هەرچەندە چالاکڤانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، محەممەد بەهۆی ئەشکەنجەدان و هێشتنەوەی لە زیندانی تاکە کەسیدا تاوانەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
 
سزای لە سێدارەدانی محەممەد رەزایی، لە کاتێکدا جێبەجێکراوە کە تەمەنی 28 ساڵ بووە، بەڵام ئەوکاتەی سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، لەخوار تەمەنی یاسایی بووە بۆ سزادانی بە لەسێدارەدان.
 
محەممەد رەزایی، دەبێتە سێیەم مێرمنداڵ کە لە ساڵی 2020 لە ئێران لەسێدارە دراون، پێشتر دوو مێرمنداڵی دیکە بەناوەکانی مەجید ئیسماعیلزاد، لە رۆژی 19ی نیسانی 2020 لە زیندانی ئەردەبیل و شایان سەعیدپور، لە 22ی نیسانی 2020 لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرابوون.