ئێران قەدەخەی لەسەر هاوردەکردن و تۆمارکردنی ئایفۆن هەڵگرت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران، قەدەخەی سەر مۆبایلی ئایفۆن هەڵدەگیرێت و دوای سێ ساڵ، تۆمارکردنی مۆبایلی ئایفۆن لەو وڵاتە دەستپێدەکاتەوە.
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم، دوای تاوتوێکردنی لە کۆبوونەوەی کابینەی وەزیراندا، بریاردرا کە قەدەخەی هاوردەکردن و تۆمارکردنی مۆبایلی ئایفۆن لە ئێران هەڵبگیرێت.
 
بە گوتەی فاتمە مهاجرانی، دواتر رێکارەکانی تۆمارکردنی ئەو جۆرە مۆبایلانە لەلایەن حکومەتەوە رادەگەیێندرێت.
 
سەتار هاشمی، وەزیری گەیاندنی ئێرانیش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "کێشەی تۆمارکردنی ئایفۆن بە رێکارەکانی حکومەت، پشتگیری سەرۆککۆمار و بەدواداچوونەکانی وەزارەتی گەیاندن چارەسەر کرا."
 
سەبارەت بە باجی سەر ئەو جۆرە مۆبایلانە، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "هەڵەیەک روویداوە و لە کاتێکی نزیکدا چارەسەر دەکرێت."
 
فاتمە مهاجرانی دواتر لە پەیامێکی دیکەدا لە ئێکس رایگەیاند، "ئەوەی لەلایەن کابینەی حکومەتەوە پەسند کرا، هەڵگرتنی قەدەخەی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی مۆبایلی ئەپڵ بوو، بڕیاریشە لەبارەی بڕی باج و رسووماتی گومرگییەوە، بڕیار بدرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە."
 
حکومەتی ئێران باجی 96%ـی بۆ تۆمارکردنی فەرمیی مۆبایلەکانی ئایفۆن دیاریکردووە، ئەگەر بە بڕیارە نوێیەکەی کابینەی وەزیران، مۆبایلی ئایفۆن هاوردەی ئێران بکرێت، هەمان باج لە هاوردەکاران وەردەگیرێت.
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بازاڕی مۆبایلی تووشی سەرسوڕمان کرد و نرخی مودێلەکانی سەرووی ئایفۆن 13ـی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
 
ماڵپەری تیجارەت نیوزی ئێرانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئێستا نرخی ئایفۆن 16 پرۆماکس لە بازاڕەکانی تاران کە بە شێوەی قاچاخ هاوردە کراون، زیاتر لە 110 ملیۆن تمەنە و پێشبینی کردووە، نرخی ئەو مۆدیلەی ئایفۆن بگاتە 120 ملیۆن تمەن.
 
عەبدولمەهدی ئەسەدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆبایلی ئێران رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت نزیکەی یەک ملیۆن ئایفۆنی جۆری 14 و 15 لە ئێران هەبن، کە بە قاچاخ هاوردە کراون.
 
حکومەتی ئێران سێ ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، هاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆن و تۆمارکردنی قەدەخە کرد. بەهۆی بڕیارەکەش، نرخی ئایفۆنی 13 کە تاوەکو ئەو کاتە هاوردەی بازاڕەکانی ئێران کرابوون، زۆر بەرز بووەوە و بە زیاتر لە 80 ملیۆن تمەنیش دەفرۆشرا.
 
ئاژانسی مێهر نیوزی ئێرانی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ئەم ساڵ تائێستا بە بەهای زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار، مۆبایلی ئایفۆن بە شێوەی قاچاخ هاوردەی ئێران کراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە