لە تاران 16 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیی دەرمان دەستگیر کران


هەولێر رووداو

دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی دەرمانیان هەڵوەشاندەوە، کە دەرمانی قاچاخیان لە سەرانسەری وڵات دابەش دەکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ناوەندی پاراستن و ئیتڵاعاتی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، "ئەندامانی ئەو تۆڕە گەورەیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە شەش شوێنی پارێزگای تاران لە لایەن ‌‌هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەستگیرکران."
 
بە گوتەی عەلی عەبدۆڵڵاهی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرپەرشتیاری تۆڕەکە لەگەڵ 15 ئەندامی سەرەکیی تۆڕەکە دەستگیرکران و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران.
 
ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی، ‌‌هێزە ئەمنییەکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر حەبی نایاسایی، چەندین ئامێری تایبەت بە بەرهەمهێنان و پاکێتکردنی حەبەکاندا گرتووە.
 
سەرۆکی ناوەندی پاراستن و ئیتڵاعاتی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی ئەو باندەوە هێشتا بەردەوامە و هەوڵدەدرێت ئەندامانی دیکەی ئەو تۆڕە گەورەیەی قاچاخچێتیی دەرمان ئاشکرا بکرێن و دەستگیر بکرێن.
 
عەلی عەبدوڵڵاهی ئاشکرای کرد: "ئەندامانی ئەو باندە تائێستا بە سەدان هەزار حەبی قاچاخیان لە سەرانسەری ئێران بە خەڵکی فروشتووە."