ئێران بە کامێرای چاودێری ئەو ژنانە سزا دەدات کە باڵاپۆش نین

31-08-2022
فریا یونسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووبەڕووبوونەوەی حکومەتی ئێران لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، رۆژ بە رۆژ تووندتر دەبێت. تائێستا حکومەت لەڕێگەی پۆلیسی چاودێریی تایبەت بەو کارەوە، بەم جۆرە بەرەنگاری ژنان دەبووەوە، بەڵام ئێستا بڕیاری سزادانیان بە پارەی کاش لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە زیادکردووە.
 
محەممەد ساڵح هاشمی، سکرتێری ناوەندی هاندان بۆ چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران دەڵێت، "کەسێک لە شوێنە گشتییەکانی وەکو میترۆ و وێستگەی پاس یان شوێنێک کە کەس ناتوانێت بە باشی کۆنترۆڵی بکات، کامێرای چاودێریی هەیە و وێنە لەو کەسانە دەگرێت کە کردەوەی خراپیان هەیە یان باڵانەپۆشن، پێویست ناکات دەستگیر بکرێت. وێنەکەی لەگەڵ کارتی نیشتمانییەکەی بەراورد دەکرێت و بە پارەیەکی کاشی کاریگەر، سزا دەدرێت."
 
لە یەک ساڵی رابردوودا هەندێک هەڵسوکەوتی پۆلیس بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە و ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ماددەی 638ی دەستووری ئێران، "پابەندنەبوون بە حیجاب تاوانە" و ئەوانەی پابەندی ئەو ماددەیە نابن، بە تاوانبار هەژمار دەکرێن و سزا دەدرێن.
 
کابینەی ئیبراهیم رەئیسی بەنێوی دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵگە، ئەو پێگەیەی بە پۆلیس داوە کە تووندتر لە هەموو کاتێکی دیکە ئەو یاسایە جێبەجێ بکات.
 
ئەنسیە خەزعەلی، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان دەڵێت، "ئیرشاد بە واتای رێنوێنیکردنە و بەو واتایە دێت کە دەبێت ئاسایش بۆ ژنانی کۆمەڵگە دابین بکرێت. هەڵسوکەوتەکانیش دەبێت بەپێی ئەم واتایە و بە رێزەوە بن. هیوادارین ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە زۆربەی هەڵسوکەوتەکان نەگونجاون. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەدەست ئێمە نییە و بەدەست هێزەکانی پۆلیسە. بۆیە نابێت لە پێگەی پۆلیس بدرێت."
 
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەو رێنوێنییانە تەنیا لەو شوێنە گشتییانە نییە کە ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپە باسی دەکات. بڕیارە لە دامودەزگا حکومییەکانیش ئەو رێنوێنییانە بگیرێنەبەر و ناوەندەکە باس لەوەش دەکات کە بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی زانستیی زانکۆکان، کچان و کوڕان جیادەکاتەوە و زیاتر چاودێریی باڵاپۆشیش لە زانکۆکان دەکات.
 
محەممەد ساڵح هاشمی، سکرتێری ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران رایدەگەیێنێت، "لە زانکۆکانمان هیچ ئاستێکی زانستی بەدیناکرێت. رەنگە زۆر کەس نەوێرن ئەمە بڵێن. لە بواری رۆحیشەوە تێکچووە. بۆچی جیانەکرێنەوە؟ ئەویش نەک هەر یەک لە پۆلێکی جیا، دەتوانین یەکسەر زانکۆکانی کچان و کوڕان جیابکەینەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆوە. سەیر ئەوەیە خێزانەکان زۆر پێشوازی لەو بڕیارەی ئێمە دەکەن."
 
رەنگە مەبەستی پێشوازیی خێزانەکان لە بڕیاری ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران ئەو دیمەنانە بێت کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە و تێیدا دەردەکەوێت خەڵک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبنەوە بۆ کۆنترۆڵی باڵاپۆشیی ژنان و کچان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

جێگری فەرماندەی پاسداران: فەرمانی رێبەر بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەنییە لە ئیسرائیل روونە

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران "روونە،" کە دەبێت لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، "سزایەکی قورس"ی ئیسرائیل بدەن