نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبووەوە؛ 'بە یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی دەزانن لە ناوچەکە'

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ تاران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو کە تێیاندا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان و هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 31-07-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی سەردانیدا بۆ تاران، لەگەڵ هەریەک لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە.
 
سەردانەکەی نێچيرڤان بارزانى بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بوو؛ بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد باقر قالیبافدا، پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی نێوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی خرایە بەر باس.
 
ئەندامانی شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانی بریتی بوون لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. 
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ''هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی بە پێویست زانی.''
 
''سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانە لە ناوچەکە''
 
جەواد قادر، چاودێری سیاسی لە ئینستیتیوتی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا بە رووداوی گوت، هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان باشترین پەیوەندی و کاریگەرییان هەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێدا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.''
 
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران سێیەم سەردانی بوو لە سێ مانگی رابردوودا. جەواد قادر گوتی''لە سەردانەکەی پێشووی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بینیمان کە هەموو لایەنەکانی دەسەڵات لە ئێران، نیازپاکیی زۆریان نیشان دا کە لە رێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەستی هاوکاری بۆ هەرێمی کوردستان درێژ بکەن.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا، لەگەڵ مەسعود پزیشکیانیش کۆبووەوە کە دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆماری ئێران، دەستبەکاربوو. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پزیشکیان سوپاسی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونیدا کردووە.
 
هاوکات پزیشکیان دووپاتی کردووەتەوە کە ''ئێران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریکاریی هاوبه‌شی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا.''
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بانگهێشتکرانی بۆ رێوڕەسمەکە كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار ده‌کات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
 

 

''ئێران سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کەسایەتییەکی کاریگەر دەبینێت''
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێراندا بەشدار بوو، بە فەرمی داوای لە پزیشکیان کرد سەردانی بەغدا بکات. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود پزیشکیانی لە چوارچێوەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ بەغدا، بانگهێشتی هەولێر کرد.
 
بەگوتەی جەواد قادر، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاواش رۆڵێکی باشی هەبێت، ''بێگومان ئێران هێزێکی کاریگەری دیپلۆپماسیی زۆر گەورە لە سەرۆک نێچیرڤان بازرانیدا دەبینێت، هەر بۆیەش پێیوایە کە زۆر پێویستە ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێت''. جەواد قادر دەشڵێت "ئەوان [بەرپرسانی ئێرانی] جدین کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت، کە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەقامگیریی ئێران و سنوورەکانی دەبێت.''
   
''هەرێمی کوردستان بۆ دراوسێکانی سەرچاوەی هەڕەشە نییە''
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان هاتووە ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوازیارە رێژەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە زياتر ببێت و پەرە بە ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوانیان بدرێت."
 
''هاوکاریی ئەمنیی کارا''ـی نێوانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکەش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان بوو، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، ''هەرێمی كوردستان هیچ كات بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ، نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە.''
 
جەواد قادر ئاماژەی بەوە کرد، ''یەکێک لە تاکە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەوڵی بۆ هێشتنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئێران داوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە.''
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئێران چەندین جار بە پاساوی بوونی ئەو هێزە چەکدارانە، لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردووەتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کە زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەتووەتەوە. ئێستا وەک بەرپرسانی عێراقی و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن، بەشی زۆری رێککەوتننامەکەی نێوانیان جێبەجێکراوە.
 
هەرێمی کوردستانیش یەکێک لە لایەنەکانی جێبەجکاری رێککەتننامەکەیە. جەواد قادر گوتی، ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیشانی داوە کە لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆزی کوردە لە ئێران، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە چارەسەر لە رێگەی چەکەوە نییە، بەڵکو باوەڕی بە رێگەی ئاشتییانە، دیپلۆماسی و گوشاری سیاسیی نێوخۆیی ئێرانەوە هەیە.''
 
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی ''عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگن چ لە رووی ستراتیژیی سیاسییەوە، چ لە رووی قووڵایی جوگرافییەوە؛ بۆیە ئێران ناتوانێت بەبێ پاڵپشتی و هاوکاریی تەواوی هەرێمی کوردستان لە ستراتیژییەکانی لە عێراق بەردەوام بێت.''
 
''پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران لە ئاستێکی باشدایە''
 
هاوکات شاکر حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران قسەی بۆ رووداو کرد و بە ''گرنگ''ـی ناو هێنا.
 
شاکر حوسێن رایگەیاند، ''ئێمە [لەگەڵ ئێران] دراوسێین و لە هەموو دۆخێکدا پێویستیمان بە یەکدی هەیە،  سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکاندا هەیە.''
 
سەردانی یەکەمی نێچیرڤان بارزانی لە سێ مانگی رابردوودا لە 5ـی ئایاردا بوو و بە جیا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.
 
سەردانەکەی دیکەیشی لە 22ـی ئایاردا بوو کە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران.
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەردانی یەکەم و دووەمی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش کاریگەریی زۆریان لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو.''
 
بەگوتەی شاکر حوسێن، ''ئێستا پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەولێر و تاران لە ئاستێکی باشدایە و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری و بووژانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان.''
 
نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران، لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی، لەلایەن عیسا زارعپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانیش لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بوون، لەوانەش حەسەن دانایی فەڕ، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
 
دواتر نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکە و لە لایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا. هەر لەنێو پەرلەمانیشدا چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانی بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوانەش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، ئاڵای کوردستان لە ریزی ئاڵای وڵاتانی جیهاندا دەبینرا و کورسییەکیش لە ریزی یەکەمی هۆڵی پەرلەماندا بۆ نێچیرڤان بارزانی دانرا بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس

یەکەمین کاردانەوەی ئێران دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند، "شەهید بوونی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پەیوەندیی قووڵ و نەپساوی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەلەستین و مقاوەمە پتەوتر دەکات."