سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئێران باسی دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە و باسیان لە دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە کرد.
 
لە دووەم رۆژی سەردانیدا بۆ تاران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31-07-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
 
لە كۆبوونەوەكەدا، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی خرایە بەر باس و دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە.
 
 
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی بە پێویست زانی، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
 
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەندامانی شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریتی بوون لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی، باس له‌ چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش کرا.
 
نێچيرڤان بارزانى رۆژی سێشەممە 30ی تەممووز بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران گەیشتە تاران.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لەلایەن عیسا زاراپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێرانەوە پێشوازیی لێکرا.
 
رێوڕەسمەکە لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو. نێچیرڤان بارزانی لەلایەن محەممەدباقر قاڵیبافەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. دواتریش هەر لەنێو پەرلەماندا چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانی بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.