خامنەیی: رژێمی زایۆنی بەم کارە زەمینەی بۆ سزایەکی تووندی دژی خۆی ئامادە کرد


رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، رایگەیاند، "رژێمی زایۆنیی تاوانبار و تیرۆریست بەم کارە زەمینەی بۆ سزایەکی تووندی دژی خۆی ئامادە کرد."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی بە "رێبەری ئازا و موجاهیدی دیاری فەلەستینی" ناوبرد و رایگەیاند، بە کوژرانی "بەرەی گەورەی مقاوەمە تووشی ماتەمینی بوو."
 
خامنەیی، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "رژێمی زایۆنیی تاوانبار و تیرۆریست میوانی ئازیزمانی لە ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و دڵتەنگی کردین، بەڵام زەمینەی بۆ سزایەکی تووندی دژی خۆی ئامادە کرد."
 
خامنەیی دەڵێت، "شەهید هەنییە ساڵانێکی زۆر لە مەیدانی خەباتی شەرەفمەندانەدا گیانبازی بە گیانە بە نرخەکەی کرد و ئامادەی شەهیدبوون بوو، لەو رێگەیەدا منداڵ و کەسوکاریشی قوربانی کردبوو. ئەو لە شەهیدبوون لە رێگەی خودا و رزگارکردنی بەندەکانی خودا نەدەترسا، بەڵام ئێمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین لەم رووداوە تاڵ و سەختەدا کە لە خاکی کۆماری ئیسلامی روویداوە، بە دوای تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەودا بگەڕێین."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، خامنەیی پرسە و سەرەخۆشی لە گەلی ئیسلامی و بەرەی مقاوەمە، گەلی فەلەستین و بەتایبەتی بنەماڵە و کەسوکاری هەنییە و یەکێک لە هاوەڵەکانی کە لەگەڵیدا کوژراوە، دەکات.
 
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانێکی تایبەتی لە تاران کوژران.
 
تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کوشتنی هەنییە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا رایگەیاندووە، شوێنی مانەوەی لە تاران کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی و پاسەوانێکی کوژراون.
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.