پزیشکیان لەبارەی کوژرانی هەنییە: ئێران داگیرکەرانی تێرۆریست لە کارە ترسنۆکەکانیان پەشیمان دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری نوێی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی خۆی دەکات و "داگیرکەرانی تێرۆریستیش لە کارە ترسنۆکەکانیان" پەشیمان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە: "ئەمڕۆ ئێرانی ئازیز، هاوەڵی هەمێشەیی و سەربەرزی رێبازی خۆڕاگری، سەرکردەی ئازای بەرخۆدانی فەلەستین، شەهیدی قودس، حاج ئیسماعیل هەنییە، ماتەمینی دەگێڕێت. دوێنێ دەستی سەرکەوتووی ئەوم بەرزکردەوە و ئەمڕۆ دەبێ لەسەر شانەکانم هەڵیگرم بۆ ناشتنی."
 
مەسعود پزیشکیان دەڵێت، "شەهیدبوون هونەری پیاوانی خودایە. پەیوەندیی نێوان دوو گەلی سەربەرزی ئێران و فەلەستین لە جاران بەهێزتر دەبێت و رێگەی خۆڕاگری و بەرگری لە ستەملێکراوان لە هەموو کاتێک بەهێزتر پەیڕەو دەکرێت."
 
دەشڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی خۆی، شکۆ، شانازی و شەرەفی دەکات و داگیرکەرانی تیرۆریستیش لە کارە ترسنۆکەکانیان پەشیمان دەکاتەوە."
 
سەرۆککۆماری نوێی ئێران بە بەشێکی ئایەتێکی قورئان کۆتایی بە پەیامەکەی هێناوەتەوە و نووسێویەتی: «إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ ذُو انْتِقَامٍ».
 
تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کوشتنی هەنییە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا رایگەیاندووە، شوێنی مانەوەی لە تاران کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی و پاسەوانێکی کوژراون.
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران بوو. 
 
ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت: ئیسماعیل هەنییە کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو و لە یەکێک لەو شوێنانەی تایبەتە بە بریندارانی شەڕ لە باکووری تاران دەمایەوە، نزیکەی کاژێر 2ی بەرەبەیانی چوارشەممە بەهۆی بەئامانجگرتنی بە موشەکێک لە ئاسمانەوە تیرۆرکراوە.
 
سوپای پاسداران رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و دواتر ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.