یەکەمین کاردانەوەی ئێران دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند، "شەهید بوونی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پەیوەندیی قووڵ و نەپساوی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەلەستین و مقاوەمە پتەوتر دەکات."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژراوە و سەرەخۆشی لە گەلی فەلەستین، بزووتنەوەی حەماس، هەموو گرووپەکانی فەلەستینی، بەرەی مقاوەمە، گەل و وڵاتانی پشتیوانی دۆزی فەلەستین دەکەن.
 
ناسر کەنعانی ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوە لە رەهەندەکان و وردەکارییەکانی رووداوەکە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و دەڵێت، "بێگومان خوێنی پاکی ئەم موجاهیدە کۆڵنەدەرە، کە تەمەنی خۆی لە خەباتی شەرەفمەندانە لە دژی رژێمی داگیرکەری زایۆنی و لە رێگەی رزگاریی قودسی پیرۆز و رزگارکردنی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین لە چنگی داگیرکەرانی زایۆنی بەسەر برد، هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "شەهید بوونی برای موجاهید ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پەیوەندیی قووڵ و نەپساوەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستینی ئازیز و مقاوەمە پتەوتر دەکات."
 
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانێکی تایبەتی لە تاران کوژراون.
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
 
تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کوشتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا رایگەیاندووە، شوێنی مانەوەی لە تاران کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی و پاسەوانێکی کوژراون.
 
سوپای پاسداران دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و دواتر ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.