ئێران بەرپرسانی موجاهیدینی خەڵق دادگەیی دەکات

31-07-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بڕیاریانداوە کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی موجاهیدینی خەڵق و "هێرش و تاوانەکانی ئەم گرووپە" لە دژی خەڵکی ئێران دروستبکات.
 
ئەمرۆ دووشەممە، 31-7-2023 موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبۆنەوەی ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتی دادی ئێران لە تاران ئاماژە بە دامەزراندنی ئەو کۆمیتە تایبەتە بۆ دادگەییکردنی بەرپرسانی موجاهیدینی خەڵق و بە گوتەی خۆی "گرووپە تیروریستییەکان" کرد و رایگەیاند، یەک لەو کارانەی کە دەسەڵاتی داد دەیەوێ لەم ماوەیەدا کاری لەسەر بکات، لیکۆڵینەوەیە لەبارەی دۆسیەی ئەو گرووپانەی کە "لە دەستپێکی شۆرشی ئیسلامییەوە لە دژی خەڵک و وڵات تاوانیان کردووە."
 
بە پێی ئاژانسی میزان کە میدیایەکی تایبەتی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، موحسینی ئیژەیی گوتوویەتی، "گرووپ و کۆمیتەیەکمان بۆ تەواوکردنی هەندێک دۆسیەی بەجێماو بە تایبەت دۆسیەی ئەو گرووپانەی کە لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشدا تاوانیان بەرامبەر چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک و نیشتمان ئەنجامداوە، پێکهێناوە."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران زانیاری زیاتری لەبارەی ئەرکی ئەو کۆمیتەیە خستەڕوو و رایگەیاند، "ئێمە ئەو کۆمیتەیەمان راسپاردووە کە لە رێوشوێنەکانیاندا لەکاتی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیانە، تێگەیشتنێکی دروستیان هەبێت لە بارەی ئەو تاوانانەی کە لە سەرەتای شۆڕشدا ئەنجامیانداوە، هاوکات بابەتگەلێکی وەها رەچاوبکەن کە ئەم گرووپانە چ تاوانێکیان لە بەرامبەر ژن و منداڵان ئەنجامداوە و خەڵکی ئاساییان دەکردە ئامانج، هەروەها هاوکاری و هاوئاهەنگییان لەگەڵ دوژمندا هەبووە و زانیارییان پێداون."
 
رۆژی شەممە، 29-7-2023 دادگەیەک لە تاران بە بڵاوکردنەوەی ناوی 104 ئەندامی سازمانی موجاهدینی خەڵق لە بەشێک لە رۆژنامە دیارەکانی ئێران رایگەیاند، کە دۆسیە لە دژیان کراوەتەوە و داوای لێکردن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پارێزەرێک دەستنیشانبکەن.
 
لەو لیستەدا ناوی سەرکردەکانی موجاهیدنی خەڵق وەکوو مەسعود رەجەوی، مەریەم رەجەوی، مەهدی ئەبریشەمچی و زەهرا مریخی هەن.
 
ئاژانسی میزان رایگەیاندووە،" لە رۆژی بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەوازەوە ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، تا یەک مانگ دەرفەتیان هەیە پارێزەر دەستنیشانبکەن، بە پێچەوانەوە دادگە بە پێی یاسا بریاری پێویست لەوبارەیەوە دەدات."
 
بڵاوکردنەوەی هەواڵی دادگەییکردنی بەرپرسانی موجاهیدینی خەڵق لە ئێران، دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئەلبانیا هات لە نێو کەمپی ئەم گرووپە لەو وڵاتە.
 
لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵدا پۆلیسی ئەلبانیا هەڵیکوتایە سەر کەمپی ئەشرەف3 لە نزیک تیرانای پایتەختی ئەو وڵاتە، بەگوێرەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرخۆدانی سەر بە موجاهیدینی خەڵق، پۆلیسی ئەلبانیا زۆربەی کۆمپیوتەرەکانی ناو کەمپەکەیانی بردوون و بەشێکیانی شکاندوون.
 
پۆلیسی ئەلبانیا دوای ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دەست بە سەر 96 کۆمپیوتەر، 49 لاپتۆپ، دوو تابلێت و سێ میمۆری کارت و بڕێکی زۆری بەڵگەنامەدا گیراوە.
 
رۆژێک دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە، پۆلیسی ئەلبانیا رایگەیاند، لەبارەی شەش کەس لە سەرکردەکانی موجاهیدینی خەڵق دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە