لە ئێران فڕۆکەیەکی راهێنان کەوتەخوارەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

31-07-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی راهێنان لە شاری کەرەج لە نزیک تارانی پایتەختی ئێران، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
حوسێن رەزاییفەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی مەشقی سەر بە ناوەندی "بوتیا ماهان" کاتژمێر 5:45 خولەکی بەیانی ئەمرۆ دووشەممە، 31-7-2023 لە فڕۆکەخانەی پەیام لە نزیک شاری کەرەج کەوتە خوارەوە.
 
تائێستا هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە رانەگەیێندراوە، بەڵام حوسێن رەزاییفەر ئاماژەی بەوە کرد، لە لایەن فەرمانگەکەیانەوە تێمێک بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە و دواتر ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
 
لە رووداوەکەدا دوو کەس بە ناوی نەوید عەرەبی موقەدەم کە راهێنەر بووە و ئەمیر حۆسێن مەحموودی کە فێرخواز بووە، گیانیان لەدەستداوە. 
 
"بوتیا ماهان" ناوەندێکی راهێنانی فڕۆکەوانییە و لقێکی کۆمپانیای "هێڵی ئاسمانی ماهانە"، کە لە لایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی گواستنەوەی چەک بۆ فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سزای بەسەردا سەپێنراوە.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی کۆنبوونی فڕۆکەکانی، چەندین فڕۆکەی مەدەنی و سەربازی لە ئێران کەوتوونەتە خوارەوە.
 
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، سوپای ئێران کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری ئێف-14ی لە کاتی "مەشق و راهێنان" لە ئیسفەهان بەهۆی کێشەی تەکنیکی رایگەیاند.
 
کەمتر لە مانگێک پێش ئەوە فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف-7 لە شاری نایین لە پارێزگای ئیسفەهان کەوتە خوارەوە و دوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە