پەرلەمانتارێکی کورد داوا دەکات پەرلەمانی ئێران داوای لێبووردن لە خەڵک بکات

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری نەغەدە و شنۆ لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "پێشێلکاری و هەڵەی گەورە لە ژماردنی دەنگەکان" بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان روویداوە، بۆیە داوا دەکات "پەرلەمان داوای لێبووردن لە گەل بکات، سەرپێچیکارانیش دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن."
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە، نوێنەری نەغەدە و شنۆ لە راگەیێندراوێکدا کە لە کەناڵەکەی لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بۆ پرۆسەکانی دیکەی بڕیاردانی پەرلەمان و دەڵێت: "بەداخەوە لەم دەنگدانەدا هەڵسوکەوتی هەڵە هەبووە و بێدەنگی لەوبارەیەوە رێگە خۆش دەکات بۆ هەڵەی گەورەتر لە داهاتوودا و زیانێکی زیاتر بە نێوبانگی پەرلەمان و متمانەی گشتی بگات."
 
حوسێن زادە ئاماژە بەوە دەکات، پێشێلکارییەکە لەلایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە دانی پێدانراوە و دەڵێت، ئاسایشی پەرلەمان راسپێردراوە، لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات.
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە هەروەها دەڵێت: "ئەوەی روویداوە، تەنیا هەڵەیەکی بچووک نییە. پەرلەمان نەیتوانی کارێکی سادەی وەک ژماردنەوەی دەنگەکان بە باشی بکات و خەڵک مافی خۆیەتی بپرسێت، پەرلەمانێکی لەو شێوەیە چۆن دەتوانێت کاری گەورەتر بکات. خەڵک مافی خۆیانە متمانەیان بە ئێمە لاواز بێت." 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، نوێنەری نەغەدە و شنۆ لە پەرلەمانی ئێران باس لەوە دەکات کە "بەو پێشێلکارییە، ناوبانگی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە مەترسیدایە" و داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، رێگە نەدەن ئەو رووداوە بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەرێت.
 
عەبدولکەریم حوسێن زادە داوای لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و سزادانی سەرپێچیکاران دەکات و دەڵێت: "تاکە رێگەی لۆژیکی بۆ گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمان و متمانەی گشتی بە دەسەڵاتی یاسادانان ئەوەیە کە بێین و هەر 290 کەسمان بەکۆمەڵ بەرپرسیاریێتی ئەوەی روویداوە قبووڵ بکەین و بەبێ گوێدانە هەر تێڕوانینێکی سیاسی، هاوکاربین بۆ دەستنیشانکردن و ناساندنی سەرپێچیکاران، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
 
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، دوانزەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بەهۆی ناڕەزایەتی ژمارەیەک پەرلەمانتار ژماردنی دەنگەکان دوو جار دووبارە کرایەوە و لە ژماردنەوەی دەنگەکاندا گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ژمارەی دەنگەکانی چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیدا هاتووە.