گومرگی ئێران: لە دوو مانگدا 1.35 ملیۆن ئامێری مۆبایل هاوردە کراون

31-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گومرگی ئێران رایگەیاند، لە دوو مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئامێری مۆبایل، کە بەهاکەیان زیاتر لە 340 ملیۆن دۆلار بووە، هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.
 
لە نوێترین ئاماریدا لەبارەی هاوردەکردنی مۆبایل لەلایەن ئەو وڵاتەوە، گومرگی ئێران رایگەیاند، لە دوو مانگدا 21-03-2024 تاوەکو 21-05-2024 لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانەوە 1 ملیۆن و 353 هەزار و 786 ئامێری مۆبایل هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.
 
گومرگی ئێران دەڵێت، بەهای سەرجەم مۆبایلە هاوردەکراوەکان 340 ملیۆن و 545 هەزار دۆلار بووە.
 
بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 291 هەزار و 786 ئامێری مۆبایل بە شێوەی بازرگانی هاوردە کراون، بەشەکەی دیکەش کە دەکاتە 62 هەزار مۆبایل، لە رێگەی گەشتیارییەوە بووە.
 
گومرگی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، هاوردەی مۆبایل بە شێوەی بازرگانی 19% کەمیکردووە و لەڕووی نرخیشەوە 3% زیادیکردووە. هاوردەی مۆبایل لە رێگەی گەشتیارییەوە بەراورد بە پار، 37% و لەڕووی نرخیشەوە 42% کەمیکردووە.
 
ساڵی رابردوو، ئێران زیاتر لە 14.6 ملیۆن ئامێری مۆبایلی بە بەهای زیاتر لە 3.2 ملیار دۆلار هاوردە کردبوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێران بڕیارێکی دەرکردووە و تێدا رایگەیاندووە، هاوردەکردنی مۆبایلی جۆری ئایفۆن 14 و 15 قەدەخەیە، تاوەکو ئەوکاتەی لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە قەدەخەکردنەکە هەڵدەگیرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە