تائێستا حەوت کەس خۆیان بۆ شوێنگرتنەوەی ئیبراهیم رەئیسی بەربژێر کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووەمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران. تائێستا حەوت کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە کە دیارترینیان، عەلی لاریجانی و سەعید جەلیلین.
 
ئەمڕۆ هەینی لە دووەمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان و راوێژکاری ئێستای عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئامادە بوو و بە فەرمی خۆی بۆ چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەربژێر کرد.
 
عەلی لاریجانی، دوای تۆمارکردنی ناوەکەی بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێران لە بارودۆخێکی گوزەرانیی سەختدایە؛ خەڵکی چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەت چارەسەری دروست بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن."
 
لاریجانی جەختی لەوەشکردەوە، چارەسەرکردنی پرسی گەمارۆکان کاری لە پێشینەی دیپلۆماسیەتیان دەبێت. هەروەها بناخەیەکی بەهێزی بەرگری بۆ هێزە چەکدارەکان بەپێی بارودۆخی ناوچەکە لەبەرچاو دەگیرێت.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تائێستا بە گشتی حەوت کەس ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران تۆمار کردووە کە پێنج کەسیان لە رۆژی یەکەمدا ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، پێنجشەممە، 30ی ئایاری 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 3ی حوزەیران بەردەوام دەبێت. 
 
موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، هەینی 31-05-2024 رایگەیاند، تائێستا سەعید جەلیلی، مستەفا کەواکبیان، عەباس موقتەدایی، محەممەدڕەزا سەباغیان، قودرەتعەلی حشمەتیان، عەلی لاریجانی و مەحموود ئەحمەدی بیغەش ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
 
موحسین ئیسلامی هەروەها گوتی، ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵاتن و مەرجی پێویستیان بۆ بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری هەیە، دەتوانن لە رێگەی نوێنەر یان پارێزەریانەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
 
لە لایەکی دیکە محەممەدتەقی شاهچراغی، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاندووە، ماوەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران درێژ ناکرێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، لە زیاتر لە 90 هەزار شوێن لە سەرانسەری ئێران، سندووقی دەنگدان دادەنرێت.
 
بەپێی ئەو خشتەیەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران دانراوە، لە ماوەی حەوت رۆژدا لێکۆڵینەوە لەبارەی شیاوبوونی بەربژێرەکان دەکرێت، 14 رۆژ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دانراوە و لە رۆژی 28ی حوزەیرانیش هەڵبژاردن دەکرێت.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، لە رۆژی یەکەمی تۆمارکردنی ناوەکاندا 30 کەس سەردانی دەستەی هەڵبژاردنەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەی پێویستیان پێ نەبووە، ناوەکانیان تۆمار نەکراوە.
 
هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت، ئەو کەسانەی شیاوبوونیان بۆ بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری رەتدەکرێتەوە، هیچ دەرفەتێکیان بۆ تانەلێدان نییە.
 
بەپێی مادەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، مەرجە سەرەکییەکانی بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بریتین لە:
 
- کەسایەتی مەزهەبی، سیاسی بێت
- بە رەچەڵەک ئێرانی بێت
- نیشتەجێی ئێران بێت
- باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت
- توانای بەڕێوەبردنی هەبێت
- لانیکەم چوار ساڵ بەرپرسیارییەتی لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەبێت
- پێشینەی تاوانی نەبێت و سزا نەدرابێت
- تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 75 ساڵ بێت
- بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەی هەبێت
- سەر بە گرووپ و رێکخراوی نایاسایی نەبێت