رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژی شاری زاهیدان لە ئێران لەبارەی دانوستاندنەکان، پێچەوانەی بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێت: " خاوەنی ئازار و کێشەکە دەتوانێت باشتر قسە بکات، ئەنجامێکی باشتریش بەدەست بهێنێت".
ئەمڕۆ دووشەممە،31ی ئاداری 2025، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی شاری زاهیدان و کەسایەتی ناسراوی بەلووچەکانی ئێران، لە کاتی گوتاری نوێژی جەژنی رەمەزان رایگەیاند، "دانوستاندنی راستەوخۆی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە باشتر و کاریگەرتر دەزانم".
مەولەوی عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد، "ناوبژیوانان ناتوانن بە شێوەیەکی بەهێز بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بکەن و وەڵامی گومانەکانی لایەنی بەرامبەر بدەنەوە بۆیە خاوەنی ئازار و کێشەکە دەتوانێت باشتر قسە بکات، ئەنجامێکی باشتریش بەدەست بهێنێت".
رۆژی 22ی ئاداری ئەم ساڵ مەولەوی عەبدولحەمید رایگەیاندبوو، "باشترین و گونجاوترین بارودۆخ بۆ کۆماری ئیسلامی و گەلەکەی کە لە دۆخێکی سەختی ئابووریدایە، ئەوەیە کە دانوستاندنەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بەبێ نێوەندگیری بەڕێوەبچن".
ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵبژاردنی شێوازی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی "هەڵسوکەوت و رەفتاری کەڵەگایانەی ئەمریکایە".
رۆژی 12ی ئاداری ئەم ساڵ، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە تاران.
رۆژی 27ی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند، وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەی گونجاو و لە رێگەی عومانەوە نێردراوە.
سەرۆککۆماری ئێران لە بارەی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە دانوستاندنی راستەوخۆ رەتکراوەتەوە، بەڵام رێگەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ کراوەیە.
نامەکە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ