لە نیو مانگدا 640 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

رووداوێکی هاتووچۆ لە ئێران.
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، "لە 16رۆژی رابردوودا 640 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەوبانەکانی شارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و 15 هەزار و 262 کەسیش بریندار بوون."
 
ئەمڕۆ دوو شەممە31ی ئاداری 2025، تەیموور حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، هۆکاری زۆربوونی رووداوی هاتووچۆ بریتییە لە زۆربوونی گەشت لە جەژنی نەورۆز، خێرایی زیاد و گرنگینەدان بە یاساکانی هاتووچۆ.
 
ساڵانە لە ئێران لەگەڵ دەستپێکردنی پشووەکانی نەورۆزدا رووداوەکانی هاتووچۆ زیاد دەبن.
 
بەپێی ئامارەکان، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025 بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پزیشکی بەهەشتی لە تاران، رووداوی هاتووچۆ لە ئێران پاش نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانە.