رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی 14 ملیۆن کەس لەو وڵاتەوە گەشتی دەرەوەیان کردووە، نزیکەی 7 ملیار دۆلاریان لە دەرەوە خەرجیان کردووە.
ناوەندی ئاماری ئێران ئامارێکی لەبارەی گەشتیارانی ئێرانی بڵاوکردووە و بە پێی ئامارەکە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییدا واتە 21ی ئادار تاوەکو 21ی ئەیلوول، هەشت ملیۆن و 879 هەزار گەشتیاری ئێرانی سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە کە بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا 12٪ زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە حکومییە، ساڵی رابردوو 13 ملیۆن و 894 هەزار گەشتیاری ئێرانی سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 39٪ زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندەکە زۆرترین گەشتیاری ئێرانی سەردانی عێراق و تورکیایان کردووە. ئاماری ناوەندەکە پێشان دەدات، ساڵی رابردوو نزیکەی 4 ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران سەردانی عێراقیان کردووە کە زیاترینیان بە مەبەستی زیارەتی مەزارگە ئایینیەکانی شیعە بووە لە باشووری عێراق.
ناوەندەکە هەروەها دەڵێت، ساڵی رابردوو گەشتیارانی ئێرانی لە نێوان 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تاوەکو 7 ملیار دۆلار لە سەردانەکانیاندا بۆ دەرەوەی وڵات خەرج کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم ساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران سەردانی تورکیایان کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 32٪ زیادی کردووە. دەشڵێت، ئەگەر هەر گەشتیارێک بە شێوەیەکی مامناوەندی هەزار دۆلاری لە تورکیا خەرج کردبێت، زیاتر لە 3 ملیار دۆلار داهاتیان بۆ کەرتی گەشتیاریی تورکیا هەبووە.
سەردانی گەشتیارانی بیانی بۆ ئێران
ناوەندی ئاماری ئێران هەروەها رایگەیاندووە، لە 21-3-2024ـەوە تاوەکو 21-09-2024 واتە لە ماوەی شەش مانگدا، 4 ملیۆن و 168 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە کە بەراورد بە پار هەمان ماوە 24٪ زیادی کردووە.
بەپێی ناوەندەکە، زۆرترین گەشتیاری بیانی کە سەردانی ئێرانیان کردووە، لە عێراقەوە بووە کە ژمارەیان 2.2 ملیۆن کەس بووە. هەروەها گەشتیارانی ئەفغانستانی بە 967 هەزار کەس، 411 گەشتیارانی تورکیا بە 411 هەزار کەس لە پلەی دووەم و سێیەمدان.
ناوەندەکە هەروەها دەڵێت، لەو ماوەیەدا 207 هەزار گەشتیار لە پاکستانەوە، 145 هەزار کەس لە تورکمانستانەوە، 138 هەزار کەس لە کۆماری ئازەربایجانەوە، 135 هەزار کەس لە ئەرمینیاوە، 88 هەزار کەس لە بەحرەینەوە، 74 هەزار گەشتیار لە عومانەوە، 35 هەزار گەشتیار لە هیندستانەوە و 18 هەزار گەشتیاریش لە سعودیەوە سەردانی ئێرانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ