ئێران: رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەکە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا دەستگیرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی ئێران روونکردنەوە لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵی لەو وڵاتە دەدات و دەڵێت: "یاساکانی کۆماری ئیسلامی پێشێلکردووە" بۆیە دەستگیرکراوە.
دووشەممە، 30ی کانونی یەکەمی 2024، وەزارەتی روشننیری ئێران رایگەیاند: "چێچیلیا سالا، هاووڵاتییەکی ئیتاڵییە، 13-12-2024، بە ڤیزەی رۆژنامەڤانی سەردانی ئێرانی کردووە، بەڵام رۆژی 19ی مانگ بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە".
وەزارەتی روشنبیری ئێران ئاماژەی بەوەداوە، دۆسیەی ئەو رۆژنامەڤانە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. دەستبەسەرکردنیشی بەپیی یاسا بووە و باڵیۆزخانەی ئیتالیاش لە تاران لە گرتنەکەی ئاگادار کراوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەی وەزارەتی رۆشنبیری ئێران، رێگە بە رۆژنامەڤانەکە دراوە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کەسوکارەکەی بکات.
پێشتر دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاندبوو رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵی لە ئێران دەستبەسەرکراوە و هۆکارەکەشی نازانن، داوایانکردبوو، ئەم رۆژنامەڤانە چاوی بە پارێزەرەکەی بکەوێت و زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بداتە پارێزەرەکەی.
چێچیلیا سالا، ژنە رۆژنامەڤانی ئیتاڵی تەمەن 29 ساڵ رۆژی 19ی کانوونی یەکەم لە تاران دەستگیرکرا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا لە 27ی مانگ هەواڵی دەستگیرکردنەکەی راگەیاند.