وەزیری دەرەوەی ئێران: خوازیارین کۆتایی بە داگیرکاری لە سووریا بهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، خوازیاری ئەوەن کۆتایی بە "داگیرکاری" لە سووریا بهێندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر یەمەن دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 30-12-2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی لە تاران باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و جەختیان لە پێویستیی ''وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە و کردنەوەی رێگەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی'' بۆ کەرتەکە کردەوە.
8ـی کانوونی یەکەم دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) رووخا؛ دواتر کارگێڕییەکی کاتی سەر بە هەتەشە، کاروباری بەڕێوەبردنی سووریای گرتە دەست. عەباس عێراقچی لەبارەی دۆخی وڵاتەکە گوتی: ''لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی و کۆتاییهێنان بە دەستوەردان لە کاروباری سووریا و رێزگرتن لە سەرجەم حیزب و ئایینەکان هاوڕا بووین''.
وەزیری دەرەوەی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک بۆ ''داگیرکردن''ـی سووریا ئەوەشی خستەڕوو کە ''هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ عومان زۆر لە یەکدی نزیکە، جگە لە پاراستنی ئاسایشی سووریا، خوازیاری کۆتاییهاتنی داگیرکارین لە خاکی وڵاتەکەدا''.
لە رۆژانی رابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن و رۆژی پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەم، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دوای هێرشێک بۆ سەر حووسییەکان رایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە بڕینی دەستی تیرۆری میحوەری خراپەکاریی ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ''هێرشی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ سەر یەمەن سەرکۆنە دەکەین.''
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، هەڵگیرسا، حووسییەکانی یەمەن هاوپەیمانیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نزیک لە ئیسرائیل لە دەریای سوور و بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل کرد.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی، لەو کاتەوە "حووسییەکان بەبەکارهێنانی درۆن و مووشەک، زیاتر لە 220 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و زۆربەی هێرشەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچدراونەتەوە. هەروەها، بزووتنەوە یەمەنییەکە زیاتر لە 300 هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور."
ئیسرائیل چەند جارێک وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە و چەند جارێکیش ئەمریکا، هەندێك کات بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا، هێرشیان کردوەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن.