پەرلەمانی ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەی بەرزدەکاتەوە

30-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پەرلەمانی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم موحسین فەخریزادە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی ئێران، رەزامەندی لەسەر پڕۆژە یاسای تایبەت بە زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەدا نیشاندا، هاوکات ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری راگرتنی پابەندبوونی وڵاتەکەیان بە پەیماننامەی 'رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی' دەکەن. ئەمەش دوو رۆژ دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە، لە نزیک تاران.
 
ئاژانسی 'تەسنیم'ی ئێرانی بڵاویکردەوە، کۆی 232 ئەندامی پەرلەمان لە 246 پەرلەمانتار، بە پڕۆژە یاساکە رازیبوون، کە تێیدا رەزامەندی دەدات بەبەرهەمهێنانی کۆی 120 کیلۆگرامی ساڵانە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی 20٪ لە وڵاتەکەدا بەرز دەکاتەوە. پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
 
پڕۆژە یاساکە ناونراوە 'رێوشوێنە ستراتیژییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا'، بەئامانجی ناچارکردنی واشنتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران. هەروەها تێیدا رەزامەندی لەسەر بەکارخستنەوەی وێستگەی 'ئاراک'ی ئەتۆمی دراوە، کە بە ئاوی قورس کاردەکات.
 
ئەم پڕۆژە یاسایە بە کردەنی تاران دەخاتە دەرەوەی چوارچێوەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە ئێرانی ناچاردەکرد بەنزمهێشتنەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستی 3،67%.
 
بەپێی بڕیارەکە، پاش سێ مانگ لە پەسندکردنی، ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندییەکانی خۆی بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە سەلماند، ئەوکات حکومەتی ئێران پڕۆژە یاسایەکی نوێ دەخاتە بەردەم پەرلەمان، بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پابەندییەکانی بەخاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی.
 
بەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران بڕی 20%ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرهەمدەهێنا، ئەوەش ئاستی پێویست بوو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی تاران، لە کاتێکدا ئاستی پیتاندن لە وێستگەی بووشەهردا، 0،5 لەسەد بوو.
 
عەلی رەزا سەلیمی، پەرلەمانتاری ئێران گوتی، لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا باسمان لە ئەگەری پاشەکشەی تاران لە 'پەیماننامەی نێودەوڵەتی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی' کردووە.
 
ئەو زیاتر گوتی، پڕۆسەکانی پشکنینی 'ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی' لە ئێراندا، بووەتە سەرچاوەی رووداوە نەخوازراوەکانی ماوەی رابردوو و تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
پێشتر تاران لە 2015 و پاش رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، 'پەیماننامەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی' لە جیهاندا واژۆ کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە