یەکەم کوردی سوننەی ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران دەستبەکار دەبێت

دوێنێ کاژێر 12:08
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئێران دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە، پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆی پەسند کرد و ئیدی ئەو کەسە وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ پەرەپێدانی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەستبەکار دەبێت.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی پەرلەمانی ئێراندا داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە خرایەوە دەنگدانەوە و لە کۆی 230 پەرلەمانتاری ئامادەی کۆبوونەوەکە، 156یان بە بەڵێ و 69ش بە نەخێر و 5 کەسیش بە بێلایەن دەنگیان دا.
 
پەرلەمانی ئێران رۆژی 25-09-2024 داوای دەستلەکارکێشانەی عەبدولکەریم حوسێنزادەی رەتکردەوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران پێداگریی لەسەر دەستنیشانکردنی حوسێنزادە وەکو جێگری خۆی کرد.
 
مەسعود پزیشکیان لە 26-08-2024 حوسێنزادەی وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەستنیشان کرد، بەڵام بۆ دەستبەکاربوون دەبوو دەست لە پەرلەمانتاری بکێشێتەوە.
 
بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی پەرلەمانی ئێران، هەر پەرلەمانتارێک دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێت داواکارییەکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و ئەگەر پەسند کرا، دەتوانێ دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
دوای پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، عەبدولکەریم حوسێنزادە دەبێتە یەکەم کوردی سوننەی ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران.
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە ساڵی 1980 لە نەغەدە لەدایکبووە، کۆلێژی ئەندازیاری تەواو کردووە و لە 2012 تاوەکو 2020 بۆ ماوەی دوو خول پەرلەمانتاری بازنەی نەغەدە و شنۆ بوو؛ هەروەها ساڵی 2024یش بۆ جاری سێیەم وەکو پەرلەمانتاری ئەو بازنەیە دەنگی هێنایەوە.
 
ساڵی داهاتوو و لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار، لە بازنەکانی نەغەدە و شنۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئەو کات، پەرلەمانتارێکی پارێزگای ورمێ بە وەکالەت ئەرکەکانی پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆ بەڕێوە دەبات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە