دەسەڵاتی دادی ئێران: دەبێت پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ رووبەڕووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی ببنەوە

30-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران داوا لە فەرماندەیی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشی، بێنە سەر ‌هێڵ و رووبەڕووی ببنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 30-12-2023، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتی دادی ئەو وڵاتە باسی کێشەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەنێو شارەکاندا کرد و رایگەیاند، "پێویستە داواکارە گشتییەکان و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە بابەتی داوێنپاکی و باڵاپۆشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی داوا لە فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن یاساکان جێبەجێ بکەن و پێویستە فەرماندەیی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆش لەبارەی کێشەکەوە بێنە سەر هێڵ."
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی گوتی، "نابێت چاوەرێی پەسندکردنی یاسای تایبەت بە داوێنپاکی و باڵاپۆشی بکەن و دەبێ سوود لەو دەرفەتە یاساییانە ببینین، کە لە وڵاتدا هەن."
 
یاسای باڵاپۆشی کە مانگی رابردوو دوای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمانی ئێران پەسندکرابوو، لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووریی ئەو وڵاتەوە رەتکرایەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران رایگەیاند، دوای 10 کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی یاساکە و گفتۆگۆکردن لەسەری، ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور گەیشتە ئەو ئەنجامە کە لە یاساکەدا ناڕوونی هەیە؛ هەروەها چەندین بڕگەی پێچەوانەی دەستووری ئێرانە؛ بۆیە یاساکەی رەتکردەوە.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران هەروەها رایگەیاند، "بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویستە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی لە گۆڕەپانی دووژمندا یاری دەکەن و برەو بە پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەدەن، بوەستین و رووبەڕوویان ببینەوە."
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی هەروەها داوا لە دادوەرەکان و هەموو بەرپرسانی دەزگەی دادی ئێران کرد، لە چوارچێوەی یاساکاندا و  بە‌هێزەوە رێکارە دادوەرییەکان جێبەجێ بکەن و بڕیار لەسەر دۆسیەکان بدەن و لە قسەی خەڵک و سەرزەنشتکردن نەترسن.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی 25-10-2023، رێكخراوی سینەمای ئێران ناوی ئەو خانمە ئەکتەرانەی بڵاوکردەوە کە کارکردنیان لێ قەدەخە کراوە. وەزیری کولتوور و ئیرشادی ئێرانیش هەمان رۆژ رایگەیاند، "باڵاپۆشی، لە ئێران یاسایە و ئەو کەسانەی پابەندی یاسا نەبن، ناتوانن کار بکەن."
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لیستی ئەو خانمە ئەکتەرانەی قەدەخەی کارکردنیان لەسەرە، لەلایەن رێکخراوی سینەمای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە؛ لە لیستەکەدا 12 خانمە ئەکتەری بەناوبانگ هەن کە بریتین لە باران کەوسەری، ویشکا ئاسایش، تەرانە عەلیدوستی، کەتایون ریاحی، فاتیمە موعتەمیدئاریا، ئەفسانە بایگان، پانتەئا بەهرام، هەنگامە قازیانی، پگاهـ ئاهەنگەرانی، مەریەم بوبانی، گوڵاب ئادینە و شەقایق دهقان.
 
ئەو خانمە ئەکتەرانەی کاری سینەما و رۆڵگیڕانیان لە فیلمدا لێ قەدەخە کراوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو، پشتگیرییان بۆ داواکاریی خۆپێشاندەران دەربڕیبوو و رەخنەی تووندیان لە حکومەت گرتبوو، هەروەها دژی یاسای باڵاپۆشیی ناچاری لە ئێران، لەچکەکانیان فڕێدابوو.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە