سەرۆکوەزیرانی رووسیا سەردانی ئێران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئەمڕۆ سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی رووسیا، میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ (دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024) سەردانی ئێران دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، میخائیل میشوستین لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا گرنگی بە هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکان لە بواری گواستنەوە، وزە، پیشەسازی، کشتوکاڵ و چەند بوارێکی دیکە دەدرێت.
 
سەردانی سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ ئێران تەنیا یەک رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە رۆژی سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆربەندی ئابووریی ئاسیا سەردانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بکات.
 
سەردانی سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ ئێران لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر بوون.