ئەمنستی: دەزگا ئەمنییەکانی ئێران فەرمانیان بە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران کردووە


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایدەگەیێنێت کە ئێران "بەمەبەست" هێز بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان بەکاردەهێنێت کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئێران بەڕێوەدەچن. هۆشداریش دەدات لەوەی بەبێ دەستوەردانی نێودەوڵەتی، خەڵکی زیاتر دەکوژرێن و دەستگیر دەکرێن. 
 
رۆژی هەینی، 30ـی ئەیلوولی 2022 رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی Amnesty International لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە: "بەرپرسانی ئێران هەموو ئامڕازێکیان بۆ سەرکوتکردنی بێبەزەییانەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان خستووەتە کار، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ کپکردنەوەی هەر بەرهەڵستکارییەک لەبەرامبەر دەسەڵاتدا".
 
رێکخراوەکەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەشڵێت، بەبێ "هەڵوێستێکی یەکگرتووی کۆنکرێتی" لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کە وەکو خۆی دەڵێت خۆی لە راگەیێندراو و سەرکۆنەکردن دەرباز بکات: "ژمارەیەکی بێپایانی دیکەی خەڵک مەترسیی کوشتن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی و دەستگیردنیان لەسەرە".
 
ئەمنستی باس لەوەش دەکات کە پێداچوونەوەیان بە وێنە و ڤیدیۆکاندا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە "زۆربەی قوربانییان بەهۆی تەقەکردنی راستەوخۆوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون". باس لەوەش دەکات بەڵگەنامەی دزەپێکراویان دەستکەوتووە کە رۆژی 21ـی ئەیلوول لەلایەن فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانەوە فەرمان بە پۆلیسی هەموو پارێزگاکان دراوە بۆ ئەوەی "بەتووندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە".
 

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، ئەمنستی دەڵێت، بەڵگەنامەیەکیان دەستکەوتووە کە رۆژی 23ـی ئەیلوول فەرماندەی سوپا لە سنووری پارێزگای مازندەران فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بۆ ئەوەی "بێ بەزەییانە رووبەڕووی هەر پشێوییەک لەلایەن تێکدەران و دژبەرانی شۆڕش ببەوە و تا ئەو راددەیەی دەبێتە هۆی مردن لەگەڵیان بڕۆن". 
 
ئەمنستی دەشڵێت، گیانلەدەستدانی 52 خۆپێشاندەری پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەدات کە ژمارەکە بەرزترە. هاوکات، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەی سەرەکیی لە ئۆسڵۆی نەرویجە لەدوایین ئاماردا دەڵێت 83 کەس لە سەرتاسەری ئێران لە گرژییەکانی نێوان خۆپێشاندانەکان و هێزە ئەمنییەکاندا کوژراون.