خاوەن سوپەرمارکێتێک لە تاران: کیلۆیەک برنج بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئێراندا نرخەکان هەڵکشاون، گیرفانەکان خاڵین، کڕیار کەم بوونەتەوە. زۆر لە ئێرانییەکان کە ساڵانی رابردوو ئێواران بە عەلاگە و کارتۆنی پڕەوە دەگەڕانەوە نێو خێزانەکانیان، ئێستا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پەیداکردنی ژەمە نانێک.
 
مەهدی دەوڵتیاری، خاوەن سوپەرمارکێت لە تاران دەڵێت، "پێشتر کیلۆیەک برنج بە 28 هەزار تمەن بوو، ئێستا بە 48 هەزار تمەنە. پێشتر کڕیارێک فەردەیەکی دەکڕی، ئێستا دوو کیلۆ دەکڕێت".
 
لە مانگەکانی رابردوودا و بە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی کۆرۆنا، ئابووریی ئێران هەندێک خۆی گرتووەتەوە، بەڵام نرخی کەلوپەلیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ئاستی هەڵاوسانی مانگی رابردوو 46% بووە. گەمارۆکان بەهای دراوی ئێرانیان بۆ کەمترین ئاست دابەزاند و نرخی کاڵا و خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.
 
غانە خیابانی، کڕیار باس لەوە دەکات، "ئەگەر پێشتر 10 بۆ 15 رۆژ جارێک دەچووم شت بکڕم، ئێستا مانگی جارێک دەچم. مانگی جارێک سێ چوار کیلۆ دەکڕم و مانگ و نیوێک بەکاریدەهێنم. بەم جۆرە قەناعەت دەکەین".
 
ئەم دۆخە لە شارێکی وەک تاران سوپەرمارکێت و دووکانەکانی لەگەڵ مایەپووچ بوون رووبەڕوو کردووەتەوە، بەپێی راپۆرتی یەکێتیی سوپەرمارکێتەکانیش، نزیکەی 20%یان داخراون یان کارەکەیان گۆڕیوە.
 
مۆرتێزا ئەفقەهی، شارەزای ئابووری دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی ئەمە بۆ ناکارامەیی لە بوارە بەڕێوەبەری و جێبەجێکارییەکاندا لە ناوخۆدا دەگەڕێتەوە؛ بەڵام پەیوەندیی بازاڕی ئێمە بە فرۆشی نەوت و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان لەڕێگەی داهاتی نەوتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی لە دۆخی گەمارۆکاندا زیاتر زەرەر بکەین".
 
ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بەرەو هەژاری بکشێن. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، نزیکەی 40%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان. واتە توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە، بەڵام قوربانییەکی دیکەی ئەم دۆخە، سوپەرمارکێتەکانن.
 
عەلی دونیایی، فرۆشیار ئاماژە بەوە دەکات، "زۆربەی دووکانەکان کرێن. کرێ زیاتر بووە. چۆن دەتوانین کرێکارێک دامەزرێنین کە هەر مانگێک پێنج شەش ملیۆن تمەنی دەوێت؟ لە لایەکی دیکەوە کارەبا گران بووە. من مانگانە دوو ملیۆن تمەن پارەی کارەبا دەدەم. لەولایشەوە دەبێت پارەی باج بدەین. بۆیە دەریناهێنێت".
 
ئابڵووقەی ئابووری تەنیا نرخی کاڵا و خۆراکی بەرزنەکردووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار و چەندین کەسیش کاریان لەدەستداوە، ئەمەش هێندەی دیکە ژیانی ئێرانییەکانی سەختتر کردووە.